نامەی کراوە بۆ بەڕێزانی خۆبەڕێوەبەرایەتیی کانتۆنەکان و تەڤدەم لە “ڕۆژاوا” و کەچەکە لە قەندیل *
پاش سڵاو و ڕێز،
پێشه‌کی حه‌زده‌که‌ین ئه‌وه بڵێین ئه‌م نامەیه‌ی ئێمه نه ئامۆژگارییه و نه پێشنیازکردنه بۆتان، به‌ڵکو چه‌ند تێبینی و زانیارییه‌کن، که ده‌مانه‌وێت بە ئێوەیان ڕابگه‌یه‌نن، ئیدی چاره‌سه‌ری و هێشتنه‌وه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌ن یا گۆڕینیان، په‌یوه‌ندی به‌خۆتانه‌وه هه‌یه. دیسانه‌وه ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ش بڵێین له خۆنیشاندانی گه‌وره‌دا خه‌ڵکانێکی زۆری به‌ده‌ر له په‌یه‌ده و په‌که‌که به ئایدیا و ئایدۆلۆجی جیا جیاوه دێنه ناو خۆپیشاندانه‌کان.
ئێمە وەك سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان- کاف [Kurdistan Anarchists Forum] لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئێوە دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و ڕێکخستن لە خوارەوەڕا [ناهیرارشی] و خۆبەرێوەرایەتیی گەلیی بەبنەمای پێکهاتنی کانتۆنەکانی ڕۆژاوا دەزانن، خۆمان بە بەشێك لەو کۆمەڵانە دەزانین و ئەو ئامانجانە بە ئامانجی خۆمان دەزانین، هەروەها هەر ئەو تایبەتمەندییانەی کانتۆنەکان بوونەتە هۆی ڕاکێشانی پشتیوانی ئازادیخوازانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا لەپێش هەموویانەوە ئەنارکیستەکان بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان و خۆڕاگرییەکانی “ڕۆژاوا”.
ڕاستییەکەی لە دەرەوەی باری نائاسایی هێرشەکانی ئێستا، بۆمان ده‌رکه‌وتووه و تیبینیماکردوه، کە له‌نێو خۆنیشاندان و ناڕهزایەتییهکانی خه‌ڵکی له ئه‌وروپا، شتگه‌لێك یا دیاردهگەلێك هەن و هه‌ڵوێسته‌یه‌کیان به ئازادیخوازان و ئه‌نارکستانی ئه‌وروپا کردووه و تا ڕاده‌ی دڕدۆنگی و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك له به‌گه‌رمی چوونه نێو ئه‌و خۆنیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ی که له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌کرێن، هەردەم شتگەڵێك ئازادیخوازان و لەنێویاندا هاوڕێیانی ئەنارکسیتانیان گێڕاونەتە دواوە و بوونەتە هۆی سڵەمینەوە و کەمتر گرنگیدانیان بە پرسەکانی گەلی کورد و ناوچەکە، هەروەها ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین هەم لە هزری ئۆجەلان و هەم لە ڕیزی گەریلاکانی قەندیل و هەم لە “باکوور” و “ڕۆژاوا” گۆڕانی پۆزەتیڤ بەرەو دژەسەروەیی و دژە-نێوەندگەرایی و دژە-دەوڵەتی ڕوویانداوە و لە ڕووداندان، بەڵام بەداخەوە لەنێو ڕیزی لایەنگرانی (پەکەکە) (پەیەدە)دا لە ئەوروپا و بەتایبەت لە “باشوور” و “خۆرهەڵات”دا کەمتر ئەو گۆڕانانە بەدیدەکرێن و ته‌نانه‌ت له ڕاگه‌یاندنه‌کانیشیاندا چه‌ند دیارده‌یه‌ك خۆیان نیشاندهدەن و زاڵبوون به‌سه‌ر ئامانجی هۆکاری خۆنیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کاندا و ئه‌وه‌ش به‌بۆچوونی ئێمه ئاوای کردووه، ئه‌وه‌ی که ده‌کرێت ئامانجه‌که ناپێکێت یا لهباریدهبات، یا له‌وپه‌ڕی خۆشباوهڕییدا سه‌ر له زۆربه‌ی زۆری به‌شداربووانی چالاکیییهکه ده‌شێوێنێت، کە لەم پەیامەدا به گیانێکی هاوڕێیانه و هاوپشتیانهوه، چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و دیاردانهتان پێشچاو ده‌خه‌ین.
– زاڵبوونی کارێزما و ئۆتوریتەی ئۆجەلان بەسەر پرسەکان و بزووتنەوە و بنەماکانی کۆمەڵی نوێ‌دا، کە بەجۆرێك لە ئەوروپا لەجیاتی بەرزکردنەوەی وێنەی گیانبەختکردووانی شەنگال و مەخموور و کۆبانێ، وێنەکانی بەرێز ئۆجەلان بە ژمارەی ئەندامان بەرزدەکرێنەوە، هەروەها لەجیاتی داخوازییکردن و بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی هەموو زیندانیان، تەنیا داخوازی و لیستی واژۆکۆکردنەوە بۆ ئۆجەلان هەیە ..
– کینەدۆزی ناسیونالیستی بەرانبەر تورك و عەرەب و فارس-زمانەکان بە هەمان ڕادەی ساڵانی نەوەدەکان لە ئارادایە و دەمارگیریی نەتەوەیی ڕێگرە لەوەی کە پشتیوانی و هاودەردی و بەشداری ئازادیخوازانی تورك و عەرەب و فارس-زمان ببینرێت، وەها دەمارگیرییەك لە بەرانبەردا تەنیا دەمارگیری و کینەدۆزی بەرهەمدەهێنێتەوە، بەداخەوە ئەو هاوتاکردنەی دەوڵەتە فاشیستەکانی تورکیە و ئێران و سوریە و داعش لەتەك گەلی تورك و فارس و عەرەب لە ڕاگەیاندنی کاناڵەکانتاندا ڕەنگدەداتەوە بە دیاریکراوی لە بەشی سۆرانی بەرنامەکانتاندا …
– بەکاربردنی واژەی ”شەهید” بۆ گیانبەختکردووانی بەرخودانی “باکوور” و “ڕۆژاوا” و “شەنگال”، کە هەم هاوتاکردنی گیانفیدایی ئازادیخوازێك و کوژراوانی (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام)ە، هەم سووکایەتیکردنە بە ئامانجەکانی بەرخودانی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان. بەداخەوە وەها واژەیەکی پڕ سووکایەتی تەنیا لەلایەن کەسانی ناهوشیارەوە بەکارنابردرێت، بەڵکو لە کاناڵە میدیاکانتاندا بە ئاشکرا و هەردەم ئامادەیە. دیاره ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه، که بڵێین هه‌مووان ده‌بێت دروشمی دژه ئیسلام هه‌ڵگرن، چونکه ده‌زانین که گه‌لی ئێمه هه‌ر وه‌کو مێژوو و هه‌م وه‌کو کو‌لتوور و نهرێتیش بۆته به‌شێك له مێژووی ئیسلام، که لێرەدا و له بارودۆخێکی ئاوادا، ناتوانرێت لێدوانی پەیگیرانەی له‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ده‌کرێت هه‌ر له ئێستاوه کاری له‌سه‌ر بکرێت، پاکژکردنی واژەی “شه‌هید”ە له به‌یاننامه و که‌ناڵه‌کان و میدیاکانتاندا و له‌سەر زاری قسەکەران و وێژانیشتاندا.
– پیرۆزکردنی کەسەکان، ئیدی هه‌ر که‌سێك بێت به به‌ڕێز (ئۆجه‌لان)یشه‌وه، مێژوو سه‌لماندوویه‌تی به زیانێکی گه‌وره له سه‌ر خودی بزووتنه‌وه‌که تەواوبووە، سهرهنجامێش ئه‌و پارتیی و بزووتنه‌وانه تێشکانیان بۆ ماوه‌ته‌وه، نموونه‌ی زیندووش له “باشوور”دا که به یه‌ك ڕسته‌ی (مسته‌فا بارزانی) بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری (١٣٠) هه‌زار که‌سیی له ساڵی ١٩٧٥ دا له شەو و ڕۆژێکدا ئاشبه‌تاڵی پێکرا. دیسانه‌وه (یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان) دوای له گۆکهوتنی سه‌رۆکه‌که‌یان (جه‌لال تاڵه‌بانی) سه‌رگه‌ردان و ماڵ‌وێران بوون. سەرپهرستی و ئایدیۆلۆجیگەریی، ڕه‌نگه له وڵاتانی (خۆرهەڵاتی ناوین)دا تا ئێستاش له‌بره‌ودا بن، به‌ڵام له ئه‌وروپادا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه ئاساییهکهیهوه زۆر ده‌مێکه ڕه‌تکراونه‌ته‌وه.
– گه‌رچی ئێوه پاگه‌نده‌ی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رخودان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن و له‌ڕاستیشدا ئێوه بۆ ئه‌مه هه‌نگاوی به‌رجه‌سته‌ی کاراتان ناوه و کردوتانه‌ته نموونه‌یه‌کی نوێ، که خوازیارین شوێنه‌کانی دیکه‌ش چاو له ئێوه بکه‌ن و سوود له ئه‌زموونه‌کانتان وه‌رگرن. هه‌روه‌ها ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌زانین، که به‌ڕێز (ئۆجه‌لان) و هه‌ندێك له هه‌ڤاڵانی ئه‌و له هه‌ردوو پارته‌که‌دا: (په‌که‌که) و (په‌یه‌ده)دا کار له‌سه‌ر ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌ی قوچکه‌یی ده‌که‌ن، به‌ڵام مایەی داخه، که هێشتا دیارده‌ی هیراشیگهری/ قووچکهرایی و نێوەندگەرایی له کار و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌ردوو پارته‌که‌دا به‌زه‌قی وه‌کو دوو ده‌سته‌ی فه‌رمانبه‌ر فه‌رمانده‌ر، سه‌ر و خوار، ده‌بینرێن.
– بەبۆچوونی ئێمە [کاف]، ڕاوەستاندنی جەنگی چەکداری لە “باکوور” لە ساڵانی ڕابوردوودا کاراییەکی زۆر پۆزەتیڤ و گەورەی لەسەر سەرهەڵدانی بزاڤی کۆمەڵایەتیی و بەرخودان لە خوارەوەرا هەبووە، هەر ئەم سەرهەڵدان و پەرەسەندنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە بەجۆرێك دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتی هیرارشییانەی پارلەمان و دەوڵەتی تورکیە و جەنەڕاڵەکاندا ڕۆناوە و هەر ئەوەشە کە دەوڵەت و فەرمانداریی ئاکەپەی هەراسانکردووە و ناچار پەنای بۆ دوا پووشی خۆڕزگارکردن بردووە؛ ئەویش هەڵگیرساندنەوەی جەنگی چەکدارییە لە “باکوور”، کە دەتوانێت دوا هیوای هاتنەدی خەونی نیئۆ-ئوسمانییەکان بێت. لەبەرئەوە هیوادارین ڕاگرتنی دانیشتنەکان بەواتای هەڵگیرساندنەوەی جەنگی چەکداری نەبێت، بەڵکو زیاتر پشتبەستنبێت بە خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی لەوانە : مانگرتنی کرێکاران، بایکۆتی ڕاگەیاندن و شمەك، خۆنیشاندان و ڕێپێوان و بەزاندنی سنوورە ڕامیارییەکان و ..تد. چونکە لە ڕوانگەی ئێمەوە جەنگی چەکداری زیاتر لە پێشوو زیان بە بزاڤی کۆمەڵایەتیی و ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەگەیێنێت.
– ئێمە وەك زۆرێك لە پشتیوانانی کانتۆنەکان لە باشوور و خۆرهەڵات، ئاگاداری هەندێك ئاڵوگۆڕ و هەوڵی شاراوەین بەناوی “پشتیوانی لە کۆبانێ” لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە؛ هەروا کە لە ڕاگەیاندنەکانماندا پێداگریمان لەسەر کردووە، ڕاکێشێنانی هێزەکانی داعش بۆ عیراق بێجگە لە ئامانجە تایبەتییەکانی هەر یەك لە دەوڵەتی تورکیە، دەوڵەتانی کەنداو و دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، هەروا ئامانجێکی هاوبەشی هەمووشیانە، چونکە پەیوەندی بە سەروەریی سیستەمە جیهانییەکەوە هەیە لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناویندا، ئەوەش ئابلۆقەدان و لەنێوبردنی سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی کانتۆنە گەلییەکانی “ڕۆژاوا”بوو، کە پێشبینییەکانی ئێمە هاتنەدی و هەر ئاواش بوو، پەلاماری (کۆبانێ) درا و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم وەك خۆتان ئاگادارن هاوکاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە سنوورەکانی خۆیاندا جەنگیان ڕاگرت، تا لەشکری داعش باشتر هێرشبکاتە سەر کۆبانێ.
بەبۆچوونی ئێمە لەوانە مەترسیدارتر بۆ سەر ئەو خۆبەڕێوەبەرایەتییە گەلییە، ئەگەری ڕێکەوتنی ئێوەیە لەتەك دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەشداریکردنی هاوپەیمانییەکەی ئەمەریکایە. چونکە وەك خۆتان دەزانن مەرجی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت (پ‌د‌ک) هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەیە بە ئامانجی ڕێگەخۆشکردن بۆ دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر پارتییە ڕامیارییەکاندا، تاوەکو پارتییە شیراتۆنییەکانی خۆی بەناوی “ڕۆژاوا”وە وەك دابەشکردنەکەی فیفتی بە فیفتی ١٩٩٢ نێوان (ینک) و (پ‌د‌ک) بەسەر بەرخوانی “ڕۆژاوا”دا بسەپێنێت. هەروەها لەبەر ڕۆشنایی ئەو کەتوارە[واقیعە]دا ئێمە ئەم مەترسییانە هەستپێدەکەین:
– لە بەرانبەر پێکهێنانی یەکینەکانی شەنگاڵ، فەرمانداریی هەرێم لەتەك حکومەتی عیراقی‌دا خەریکی پێکهێنانی هێزیكی ئێزیدی ٦٠٠٠ سەربازییە.
– بەرزکردنەوەی داخوازیی “ناوچەی دژەفڕین” لە عەفرین و کۆبانی و جەزیرە، کە ئامانج ڕزگارکردنی هێزەکانی داعش لە لێدان و هەروەها ناردنی هێزی یوئێن و هاوپەیمانانە بۆ ئەوێ وەك هەرێمی کوردستان ١٩٩٢- ٢٠٠٣، کە بەشێك لەو هێزە جەندرمەی تورکیا دەبن و بۆ هەمیشە دەبنە بڕیاردەر لەوێ.
– سەپاندنی سیستەمی پارلەمانی و بەشداریکردنی (البارتی) و هاوشێوەکانی دەسەڵاتی (پ‌د‌ک) و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی فەرمانداریی ئاکەپە لە “ڕۆژاوا” و لەوێشەوە بەهەمان شێوەی هەرێمی دژەفڕینی کوردستان و دروستکردنی جەنگی میلیشیایی نێوان ئێوە و (البارتی) و زەمینەسازیی بۆ هاتنی کڵاوشینەکانی تورکیە و دانانی بنکەی سەربازیی وەك بامەڕنی و مانەوەی هەمیشەییان خۆشدەکەن.
– ناچارکردنی ئێوە بە بەشداری هاوپەیمانی زلهیزەکان، کە دواجار مەرجی پێدانی چەك و هاریکاریکردنتان لەلایەن بازاری چەکەوە، دیسانەوە دەستبەردابوونی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی و دێمۆکراسی ڕاستوخۆیە و بە بۆچوونی ئێمە مەرگی ئێوە و خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان لێرەوە دەستپێدەکات و گشت پشتیوانییەکی ئازادیخوازانی جیهانیش لەدەستدەدەن.
بەکورتی ئێمە هیوادارین لە دانیشتن و ڕێکەوتاندا لەتەك دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەك مل بە سیستەمی پارلەمانی و بەشکردنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرماندەیی پارێزگاریی نەدەن. هەروەها لە دانیشتنتاندا لەتەك دەوڵەتان و زلهێزەکان هەرگیز مل بە “ناوچەی دژەفین” نەدەن، کە گەورەترین پشتیوانییە بۆ هێزەکانی داعش یا ڕاستر بڵێین هێزەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لەژێر پەردەی داعشدا.
ئێمە وێڕای پشتیوانی و هاودەردی و هاوخەمیمان لەتەك دانیشتووانی کانتۆنەکانی “ڕۆژاوا” و “باکوور” و شەنگال و بەرزنرخاندنی ئەزموونی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی، ئەم سەرنجانە ئاراستەی ئێوەی بەڕێز لە “ڕۆژاوا” و هەروەها ئازادئەندشان لە قەندیل و “باکوور” دەکەین و هیوادارین لە چالاکی و هەوڵەکانی داهاتوودا سوودبەخشبن.
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان (KAF)
١٧ ئۆکتۆبەری ٢٠١٤
****************************************
* خوێنەرانی هێژا، ئەم نامەیە پێشتر نووسراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی ئادرەسی لایە پەیوەندیدارەکان و هەروەها چاوەڕوانی پەیداکردنی ئادرەسەکان، ناردن و بڵاوکردنەوەی دواکەوت.