ستەم و ھەڵاواردن لەسەر و بەرامبەر ژنان، ڕەگوڕیشەیەكی كۆنی كولتووری و ئابووریی ھەیە، كە تێیدا ئایین و ترادیسیۆنە نەتەوەییەكان و خێزان و ھونەر و ئەدەب و تەنانەت زمانی نەتەوەش گەورەترین ڕۆڵیان لە زیندووراگرتن و پەرەپێدانیدا گێڕاوە و دەگێڕن و ئەو پێشینە كولتوورییە وەك خەزێنەیەك لەلایەن ڕێكخستنی ڕامیاریی ھاوچەرخ (فەرمانداریی و دەوڵەت)ەوە پارێزراوە و لە ڕێگەی دەزگە و یاسا و پێكھاتە سەروخوارییەكانەوە واوەتر پەرەیپێداوە و نۆژەنیانكردووەتەوە و تا ئاستی تێكەڵەیەك لە ستەمی كولتووریی-ئابووریی-ڕامیاریی پەرەیپێداوە و سیستماتیكیان كردووەتەوە و جارێكی دیكە بەناوی سەروەری یاسا و پاراستنی پیرۆزییەكانی ئایین و ڕێسا و سوونەتە نەتەوەییەكانەوە، كۆمەڵایەتییان كردووەتەوە و بە ھەموو واتا دەزگەییەكانییەوە پارێزگاریی و پێداگریی لەسەر دەكەن.
بەڵام بەداخەوە، وەك ھەر دیاردە و بوونێكی دیكەی دەستكردی كولتوور و سیستەمی ڕامیاریی، لە نەبوونی خۆھوشیاریی تاك و لە ھەلقۆستەنەوە و بەلاڕێدابردنی دەستەبژێر و گروپە ڕامیارییەكانەوە، كاردانەوە و ناڕەزایەتییە سەرەتاییەكانی دەرەوەی ھوشیاری خودی تاك وەك ئاڵاھەڵگری ئەو ناڕەزایەتییە بەرجەستەدەكرێن و دەبنە بەربەست لە دەركەوتن و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی ڕادیكاڵ، بۆ ئەوەی كە خەباتی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان ئاراستەی ھۆكارە بنەڕەتییەكانی ستەمگەرییەك كە لێیان دەكرێت و بكەری سەرەكی نەكرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە سیستەمی زاڵدا دەیان ھەوڵی لەو جۆرە دەدرێن و ھەر یەكە ناوێكی لێدەنرێت و دەیان ڕێكخراوە قوتدەكرێنەوە، كە ئەگەر دەنگی ناڕەزایەتی شەقامەكان نەبێ، ئەو ڕێكخراوانە بێجگە لە كوتەكی دەستی دەسەڵات بۆ سەركوت و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەكان ھیچی دیكە نەبوون. لە بارەی ئەم پرسەوە لە دوادەھەی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەم ڕۆژە بینەری دەیان نموونەی زیندوو و لەبیرنەكراوین، كە ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارتە ڕامیارییەكان بەناوی ژنانەوە، تەنیا ئەركیان سەربازگیریی ژنان بووە لە پارتەكاندا و ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كە لەنێو ژناندا بە بەراورد بە پیاوان لەو پەڕی پتەوی و خۆڕاگرییدابوون، ڕەوایەتیدان بە كوشتنی ژنان و تیرۆر و ڕەشەكوژییان و پاساوھێنانەوە و بێدەنگەلێكردن یەكێكی دیكە بووە لە ئەركی ئەو ڕێكخراوانە**.