پاش بڕیاردان لەسەر شوێنی مەراسیم و بڕگەكانی مەراسیمەكە و وتاری كۆمیتەی مەراسیم و وردەكاری دیكە، بەپێی توانا و ئامادەیی خۆبەخشانە، لێژنەكانی كاركردن و بەرپاكردنی مەراسیم دیاریكران، لەوانە: لێژنەی ھونەریی، لێژنەی پەیوەندی، لێژنەی دارایی و گرتنی ھۆڵ، لێژنەی دابەشكردن و پەخشكردنی بەیاننامە و پلاكارتی مەراسیمەكە. وەك ھەموو جارێك ئێمە [ ڕێبوار و ھیوا و سۆران و ڕێباز و مامە و سیروان و من] ھەم لە لێژنەی ھونەرییدا و ھەم لە لێژنەی ئامادەكردن و كۆپیكردن و پەخشكردنی پلاكارت و كارتی بانگھێشكردندا بەشداربووین.
من بەپێی ئەزموون و دەركەوتنەكانی پێشووتر، داوام لە لێپرسراوی بەشی ئاشكراوی رێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست كرد، كە ئەوكات ھەردووكمان ئەندامی لێژنەی خۆجێیی [مەحەلی] ڕێكخراوەكەمان بووین و لە مەراسیمەكانی دیكەدا چەندین ھەوڵ بۆ بەرگرتن بە من و لێدان لە بوونی من لە ھەولێردا، ڕووبەڕووی گێچەڵ بووبوومەوە، كە بە ھاوڕێ […] بڵێت، لەوێدا گێچەڵ و ناتەبایی دروستنەكات و ململانێ و كێشە نێوخۆییەكانی خۆمان لەوێدا دروستنەكاتەوە. ئەویش بەڵینی بە من دا، ھەرچەندە من بڕوا و متمانەم بە بەلێنەكانی نەمابوو، جونكە ئەو بەخۆیی ھاندەری ئەو ھاورێیە بوو بۆ دژایەتی من.