بازدان بۆ ناوهڕۆك
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان
بەشی سیازدەھەم
سه‌لام عارف :
هاوڕێیان ئه‌م كاته‌تان شاد، وا من جارێكی دی دێمه‌وه نێو باسكاریه‌كه‌مان ده‌رباره‌ی (مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت)، ھیوادارم بەشدارییەكەم سوودمەندبێت و شتێكی نوێ لەلای ئێوە بروژێنێت.
به‌ر له چوونه نێو باسی پرسەكه (ده‌وڵه‌ت)، پێمخۆشه بڵێم (من دەزانم، كه ڕاستی و دادپه‌روه‌ری ڕێژه‌یین، لەتەك ئهوەشدا من لەتەك ڕاستیدام و به‌لامه‌وه گرنگ نییه كێ دەیڵێت، هه‌روه‌ها لەتەك دادپه‌رویشدام و به‌لامه‌وه گرنگ نییه،كێ لێی سودمه‌ند دەبێت) ململانێی نێوان ئازادی و دەسەڵات (ئۆتۆریتە) ڕوناكتریین ده‌ربڕینه له كێشمه‌كێش و ململانێنی نێوان ده‌سه‌ڵاتخوازیی و دژه‌ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتخواز؛ ئۆتۆرێتیخواز و نێوه‌ندیخوازه، دژه‌ده‌سه‌ڵاتیش هاوبه‌شیخوازی ئازادیخوازه.
(باكۆنین) ده‌رباره‌ی ئازادی وتوویه‌تی “ئێمه ئازادی به‌وه‌دا دەناسینه‌وه، كه تاكه دروستكاری ڕەوای بناغه‌ی هه‌موو ڕێكخستنهكانه، ئیتر ئه‌و ڕێكخستنه ئابووری بێت، یان ڕامیاریی هیچ جیاوازی نییه، ئێمه ناڕازیین له هه‌موو ئه‌و شتانه، كه له دووره‌وه، یان له نزیكه‌وه په‌یوه‌ندیان به (سۆسیالیزم، یان كۆمونیزم)ی ده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه” *
“تاكه‌كان، یان هه‌روه‌زییه‌كان ئامانجیان هه‌رچیه‌ك بێت، دەبێت بە ئازادی ڕه‌ها سوودمه‌ند و خۆشحاڵبن “
لەتەك ئه‌وه‌شدا، كه (ئه‌ناركیزم) بزوتنه‌وه‌یه‌كی یه‌كڕا و یه‌ككردار نه‌بووه و نییه، به‌ڵام هه‌میشه، بیروبۆچوونیان ده‌رباره‌ی ئازادی وه‌ك ئه‌و بیروبۆچوونه‌ی (باكۆنین) بووه، ئەوه نه‌بێت ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان ده‌رباره‌ی ئازادی هیچیان نه‌گوتبێت، به‌ڵێ گوتوویانه، به‌ڵام ئه‌وان ئازادی ڕه‌هایان له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌تدا بینیووه.
مرۆڤ به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه بوونه‌رێكی كۆمه‌ڵایەتییه، هه‌رچه‌نده، ده‌وڵه‌ت له‌نێو هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دایه، به‌ڵام به‌پێوانه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان، ده‌وڵه‌ت وەك مرۆڤ كۆمه‌ڵایه‌یی نییه، زیندوویی و كۆمه‌ڵایەتیی مرۆڤ و لاشه ساردی و نا كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌وڵه‌ت دژ به‌یه‌كن و دانوویان پێكه‌وه ناكوڵێت.
ده‌وڵه‌ت، جگه له دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی، توانیویه‌تی، مرۆڤ فێری ئه‌وه بكات، كه (هه‌بوون avoir بخاته جێگه‌ی بوون être) به‌واته‌یه‌كی دی وای له مرۆڤ كردووه، خۆشویستنی خاوه‌ندارێتی بخاته جێگه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان. خۆشویستنی خاوه‌ندارێتی، واتای خۆشویستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیش ده‌به‌خشێت، جا ئەگه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه ئاواهیش بنووسین، كه مرۆڤ (هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بخاته جێگه‌ی بوون) به‌واته‌یه‌كی دی وای له مرۆڤ كردووه، خۆشویستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بخاته جێگه‌ی هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان.
ئه‌وه‌ش له‌خۆیه‌وه نه‌ھاتوو، به‌ڵكو هێنراوه، ده‌یان سه‌ده‌یه ده‌سه‌ڵات مرۆڤ به ئاوەزی مه‌زنیی و پیرۆزیی (ده‌سه‌ڵات) په‌روه‌رده و خۆشه‌ده‌كات، وه‌های له مرۆڤ گه‌یاندووه، كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ڕێخه‌رێكی نایاب و بێوێنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه، به‌بێ ئه‌و ڕێكخستنه ژیانی مرۆڤەكان ده‌بێته ژیانێكی پڕ له گه‌ڕه‌لاوژێ و هه‌راوهوریا و گێره‌شێوێنی، ئه‌وانه‌ش كه دژ به‌و جۆره ڕێكخستنه ده‌وڵه‌تییه‌ن، ئاژاوەچی (فه‌وزه‌وی)ن و بڕوایان به‌هیچ ده‌سه‌ڵاتێك و ڕێكخستنێك نییە و ڕازی نیین، ئه‌و ده‌وڵه‌تخوازانه درۆزن و ساخته‌چیین، ئه‌وان ئه‌وه ده‌شارنه‌وه، كه تیۆریسیۆنانی ئازادیخوازیی (ئه‌ناركیزم) به‌تایبه‌تی (پرۆدۆ‌ن) و (باكۆنین) چه‌ندین جار باسی ده‌سه‌ڵات و ڕێكخستنیان كردووه، به‌ڵام كام ده‌سه‌ڵات؟ كام ڕێكخستن؟ (پرۆدۆ‌ن) باسی ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی كردووه و زۆر جار وتوویه‌تی “ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی ده‌خه‌ینه جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی” دەبێت ڕێكخستن؛ خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه بێت، به‌و مه‌رجه له ئازادییه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتبێت. (باكۆنین)یش به‌هه‌مان شێوه باسی ڕێكخستنی كردووه و دژی ڕێكخستنی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بووه، هه‌روه‌ها باسی (لایەنی كه‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕ)ی كردووه، لای ئه‌و لایەنی كه‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕ، بوونی هاوبه‌شییه‌كان و لیژنه هه‌مئاهه‌نگیه‌كان بوون، نه‌ك حكومه‌ت !
ساڵی 1848سۆسیال دیموكراتیی ئه‌ڵمانی، له سه‌رده‌ستی (كارل ماركس) و (فریدرك ئەنگلس) داهێنانێكی نوێیان ئاخنییه نێو هزری سۆسیالیستییه‌وه، ئه‌ویش (به ده‌وڵه‌تیكردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان) بوو، گه‌ر له نزیكه‌وه بڕوانینه ئه‌و بیرۆكه و بچینه بنجوبناوانییه‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وه زیاتر نییه، كه ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داران (كۆمەلێك) بكرێته ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دارێك (پارت و دەوڵەت).
هه‌ر زوو گه‌رماوگه‌رم ئازادیخوازه‌كان هاتنه‌ده‌ست و دژی ئه‌و داهێنانه سه‌رسوڕهێنه‌ره وه‌ستانەوه و (پرۆدۆ‌ن) و (باكۆنین) دژ به‌وه (به‌هاوبه‌شیكردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان)یان پێشنیاركرد، ماوه‌ی چه‌ندیین ساڵ دژایه‌تی نێوان ئه‌و دوو بیروبۆچوونه بووه بابه‌تی سه‌ره‌كی ده‌مه‌قاڵییەكانی كۆنگره‌كانی ئینته‌رناسیۆنالی یەكەم، به‌تایبه‌تی كۆنگره‌ی(لاهای) و (بیرن) و (برۆكسل).
به‌و جۆره بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی به‌سەر دوو فێرگەدا دابه‌شبوو ، یان باشتر بڵێم دوو ته‌وژم و ڕەوتی سه‌ره‌كی، ته‌وژمی ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ك، له‌لایەكه‌ی دیكه‌وه، ته‌وژمی خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نادەوڵەتی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی هاوبه‌شییه كرێكارییه‌كان، ئه‌میان سوككردنی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وی دیان به پێچه‌وانه‌وه، له ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داردا (نان و كار و ئازاد)یش ده‌كه‌ونه ده‌ست ده‌وڵه‌ت، دەبێت ڕه‌شوڕووته‌كه زه‌لیل و داماو چاوی له ده‌ستی به‌زه‌یی ده‌وڵه‌ت بێت، به‌ڵكو پارتی خاوه‌ن ئیمتیاز، بەزەیی بتڵیسێته‌وه و بەزەیی به حاڵیاندا بێتەوە.
ئه‌و ده‌وڵه‌تخوازانه قیرسچمه بوون، هه‌ر له‌سه‌ر بیرۆكه‌كه‌یان سوور بوون ، هه‌ر جاره و فێڵ و ڕاوه‌ڕێویه‌كیان ده‌كرده به‌هانه بۆ بوونی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، به‌پێچه‌وانه‌وه (پرۆدۆ‌ن) به‌رده‌وام چاوی به بیرۆكه هاوبه‌شیه‌كه‌دا ده‌خشانده‌وه، تا له جه‌ره‌یانی ئه‌و چاوپیاداخشانه‌وه‌یه‌دا، گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه، كه نابێت ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بكرێنه موڵكی هاوبه‌شیه‌كان، چونكه مه‌ترسی دروستبوونی جیاوازی و ئیمتیاز دەخوڵقێنێت، به‌ڵكو دەبێت ئامرازه‌كان، به‌پێی پێویست بۆ كاتێكی دیاریكراو به‌ده‌ست هاوبه‌شییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌وه‌بن، لیژنه هه‌مئاهه‌نگیه‌كان بتوانن لێیان وه‌ربگرنه‌وه، ئه‌و لیژنه هه‌مئاهه‌نگیانه له هه‌رچی ئاستێكدا بن، كاری دابینكردن و دابه‌شكردن و ده‌فته‌رداریان له ئه‌ستۆیه، ئه‌و لیژنانه ڕۆڵی حكومه‌ت دەبینن، به‌ڵام حكومه‌ت به واتا باوه سه‌رمایه‌داریكه‌ی نا، ئه‌و لیژانه هه‌موویان زاده‌ی هه‌ڵبژاردنی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ن، واته هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆ، یان باشتر بڵێم دیموكراتی ڕاسته‌وخۆ.
من جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه، كه هه‌ر كه‌سه ئازاده و ئاره‌زووی خۆیه‌تی، كە بۆ باسكارییه‌كه‌ی چ فۆرمێكی ده‌وڵه‌ت ههڵدەبژێرێت، به‌ڕای من هیچ له نێوه‌ڕۆكی باسه‌كه ناگۆڕێت،چونكه ده‌وڵه‌ت، هه‌ر ده‌وڵه‌ته (مالاتستا) واته‌نی “ئه‌م ده‌وڵه‌ت له‌وی دی ده‌چێت، ئه‌وی دیش له دانه‌یه‌كی دیكە ده‌چێت”.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم فۆرمی (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) هه‌ڵدە‌بژێم، چونكه كه‌مێكی لێده‌زانم، جگه له‌وه ده‌رباره‌ی باسه‌كه‌مان، تاقیكردنه‌وه‌كانی روسیا، به‌ر له شۆڕش، كاتی شۆڕش و دوای شۆڕشیش، گه‌لێك به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گریان به‌ده‌سته‌وه‌داوه .
پێشتر باسمكرد، كه ده‌سه‌ڵات، به چ گیانێك مرۆڤ په‌روه‌رده و خۆشه ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه سه‌یر نییه، گه‌ر تاڕاده‌یه‌ك ده‌وڵه‌تخوازی له‌چاو ئازادیخوازیدا په‌سه‌ندتر بێت.
بیرۆكه‌ی (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) نه‌ك هه‌ر نه‌پوكایه‌وه، به‌ڵكو سۆسیال دیموكرات له ئه‌ڵمانیا و ڕوسیا گه‌یاندیانه لووتكه، له ئه‌ڵمانیا باڵی (كاوتسكی)** و له (روسیا)ش باڵی (بۆلشه‌ڤیك- لینین-)***
سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، له روسیا به جۆرێك بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی كرێكاران له هه‌ڵكشاندابوو، كه (لینین) ناچاربوو ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینی (مۆسكۆ 1905) بڵێت “كرێكاران سه‌د جار له ئێمه چه‌پڕه‌وتر بوون”، له ساڵی1905به دواوه، كرێكاران كارگه‌كانیان داگیردە‌كرد، جوتیارانیش زه‌وییه‌كانی خۆیان به‌خۆیان به‌ڕێوهده‌یانبردن **** له‌ولاشه‌وه پارته ڕامیارییه‌كان كه‌روێشكه خه‌ویان ده‌كرد، ئه‌و ده‌مه به‌تایبه‌تی 1917بۆلشه‌ڤیكه‌كان به‌هێزتریین ڕێكخراوبوون و خاوه‌نی ڕێكخستنێكی خاوه‌ن دسپلینێكی پۆڵایین بوون و له هه‌موو ئه‌وانی دیكە ئامادەتربوون و ئاگایان له دۆخه ڕامیاریه‌كه بوو، به‌تایبه‌تی (لینین) و (ترۆتسكی). (بۆلشەڤیكەكانه‌كان) دەیانزانی، كه‌وا خه‌ریكه هێدی هێدی كار له كار ده‌ترازێت و تا دێت تینی هه‌ڵكشانه شۆڕشگێڕه‌كه به‌هێزتر ده‌بێت و كۆڕه كرێكارییه‌كان هه‌موولایه‌كیان گرتۆته‌وه و بونه‌ته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و چاره‌نووسی پارته‌كان، چونكە هه‌لومه‌رجه‌كانی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی، بارێكی ڕامیاریی سه‌یری هێنابووه ئاراوه.
له‌لایه‌كه‌وه ده‌سه‌ڵات تۆقیبوو، له‌لاكه‌ی تره‌وه پارته ڕامیارییه‌كان، به‌تایبه‌تی له هه‌موویان به‌هێزتر (بۆلشەڤیكەكان) واقوڕماو و داماو به دوای چاره‌ییكی ڕامیارییدا ده‌گه‌ڕان، لەتەك هه‌موو جیاوازییه‌كاندا، ناڕاسته‌وخۆ حه‌ز و ویستێكی ڕامیاریی هاوبه‌ش لایه‌نه ڕامیاریه‌كانی به‌یه‌كه‌وه گرێدابوو، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان له ترسا ئه‌و نهێنییه ڕامیاریه‌ی نه‌دە‌خسته ڕوو، جه‌ماوه‌ر خۆی هه‌ستی به‌وه كردبوو، كه ته‌نها باڵه و دەبێت له خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردندا به‌رده‌وامبێت،جگه له بۆلشەڤیكەكانه‌كان پارته‌كانی دی هیچ سه‌نگێكی ڕامیاری و جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆیان نه‌بوو پارسه‌نگی هێزه‌كان به‌لایه‌كدا بخه‌ن، ئه‌وه‌ی مابوو ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و بۆلشەڤیكەكانه‌كان بوو.
تا ده‌هات ئامێری داپڵۆسین به‌هێزتر و به زه‌برتر دەبوو، خه‌فه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاران، به‌شێك بوو له پلانی بۆلشەڤیكەكانه‌كان، ئه‌وان ئه‌وه‌یان دەزانی، كه به‌كۆڵی كرێكارانه‌وه نه‌بن ناگه‌نه ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، له‌به‌رئه‌وه دەبووایه به‌بێ خشپه باره ڕامیارییه‌كه بقۆزنه‌وه، دانا و زاناتریین كه‌سی ڕامیاریی ئه‌و كاته (لینین) بوو، ئه‌و دەیزانی له كوێوه و چۆنچۆنی بچێته ژووره و چۆنچۆنیش بێته ده‌ره‌وه، ئه‌و دەیزانی به‌بێ ژێرده‌سته‌كردنی سۆڤیه‌ته‌كان هیچ به هیچ ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه له‌وێوه ده‌ستیانپێكرد، لای كه‌سمان شاراوه نییه، كه (لینین) بۆ تێپه‌ڕكردنی هزری (ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی شۆڕشگێڕ) له په‌ڕتووكه به‌دناوه‌كه‌یدا (ماالعمل) چ گاڵه‌یه‌كی به خه‌باتی خۆبه‌خۆیی سه‌ندیكایی كرد، به‌ڵام بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سۆڤیه‌ته‌كان په‌شیمانبوه‌وه له دژیایه‌تیكردنی خه‌باتی سه‌ندیكایی، داوا له بۆلشەڤیكەكانه‌كان ده‌كات بچن له سه‌ندیكاندا كاربكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بابه‌تی (ئایا دەشێت بۆلشەڤیكەكانه‌كان له سه‌ندیكاكاندا به‌شداربن) دەنوسێت، ته‌نانه‌ت فه‌توای ئه‌وه‌ش دەدات، كه دەتوانن له كۆنه‌په‌رستریین سه‌ندیكادا كاربكه‌ن. هێنده‌ی نه‌برد، كه بۆلشەڤیكەكانه‌كان له زۆرێك له سۆڤیه‌تی كارگه‌كاندا جێگه‌ی خۆیان خۆشكرد، هه‌نگاوی یه‌كه‌می پلانی پووچه‌ڵكردنی سۆڤیه‌ته‌كان ئەوهبوو، خۆشی واته (لینین) بۆ ته‌واوكردنی پلانه‌كه، واته به‌شی دووه‌می پلانه‌كه له كاتی گه‌ڕاندنه‌وه‌یدا بۆ روسیا له شه‌منده‌فه‌ره‌كه‌دا،ئه‌و دروشمانه‌ی داڕشت “كارگه‌كان بۆ كرێكاران، زه‌وییه‌كان بۆ جوتیاران ، ڕاوه‌ستانی جهنگو ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی” .
ئه‌و كاته زۆر كه‌س به‌تایبه‌تی (ئازادیخوازه‌كان) باشدە‌یانزانی، كه ئه‌و دروشمانه دروشمی بیروباوه‌ڕی نیین، دروشمی تاكتیكیین بۆ نزیكبوونه‌وه له ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات، با كه‌مێك له نزیكه‌وه بڕوانیینه ئه‌و دروشمانه (كارگه‌كان بۆ كرێكاران و زه‌وی بۆ جوتیاران) ئه‌و دروشمه ته‌واو جێگه‌ی گومانه بۆ له‌و كاته‌دا به‌رزكرایه‌وه، مه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر لە كارگە و كارخانەكان به ده‌ست خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كرێكارییه‌وه نه‌بوون؟ له بواری كشتوكاڵیشدا،هه‌ر به‌و چه‌شنه نه‌بوو؟ ****
ئه‌وان گه‌ر مه‌به‌ستیان به حیزبیكردن، یان به ڕامیاریكردنی كۆڕه كرێكارییه‌كان نه‌بوو ئه‌ی چی‌بوو؟ به‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌بوو،چونكه هیچ حیزبێكی ڕامیاری یا ده‌سه‌ڵاتێكی ڕامیاریی، بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی ئابووریی كرێكاریی له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا په‌سه‌ندناكات.
به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌مه، له‌به‌ر كه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی سۆسیالیستی ده‌وڵه‌تییدا و***** له‌به‌ر ده‌ستبه‌رنه‌دان له شۆڕش و وه‌فایی بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی، ئه‌و دروشم و هه‌ڵوێسته‌ی بۆلشەڤیكەكانه‌كانیان به پاڵپشتێكی مه‌زنی پرسەكهی خۆیان زانی، له‌به‌رئه‌وه ڕێگه‌یان له بۆلشەڤیكەكانه‌كان نه‌ده‌گرت لەوەی خۆیان نزیكبخه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش ھەلێكی گه‌وره بوو بۆ بۆلشەڤیكەكانه‌كان، تا خۆیان بكه‌نه نێواخنی سه‌ندیكاكان و سۆڤیه‌ته‌كان.
كرێكاران به گه‌رمییه‌وه پێشوازی دروشمی ڕاگرتنی جه‌نگیان كرد، چونكه جه‌ماوه‌ر ته‌واو هه‌راسان و ماندوو و برسی ده‌ستی ئه‌و جه‌نگه بوو، وه‌هاش ده‌یانڕوانیه ئه‌و جه‌نگه، كه مه‌ترسییه‌كی هێكجار گه‌وره‌یە بۆ شۆڕش، ئه‌و دروشمه‌شیان به پشتگیری زانی و قبوڵیانكرد.
له‌ڕاستیدا من ئه‌و ڕێگه‌یه به‌خۆم ناده‌موو بڵێم (لینین) و بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌ڕووی تیۆرییه‌وه دژی خودی كۆڕی كرێكاری بوون، به‌ڵام وه‌كو پێشتر وتم، ئه‌وان خوازیاری كۆڕی ڕامیاریی كرێكاریی بوون و حه‌زیان له چاره‌ی كۆڕی ئابووریی كرێكاریی نه‌بوو، ئا ئه‌وه‌یه ڕه‌چه‌ڵه‌كی پرسەكه، ئه‌وان ئه‌وه‌یان دەزانی، كه كۆڕی ئابووریی كرێكاریی له به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕان و شۆڕشی ڕامیاریی نییه، به‌ڵكو له به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی ڕیشه‌ییه (شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی). بۆلشەڤیكەكانه‌كان عه‌وداڵی شۆڕشی ڕامیاری بوون، نه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وان هه‌رچی بۆنی گۆڕانی كۆمه‌ڵایەتیی لێبهاتایه لێیده‌ترسان.
جارێكی دی ده‌یڵێمه‌وه، كه كرێكاران ئاشنای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و پاشقولی (سۆسیالیستی، كۆمونیستی) نه‌بوون و ساده و ساویلكه و به وه‌فابوون بۆ هه‌ڵكشانی شۆڕشگێڕی و ده‌ستكه‌وته‌كانی، ئەمانە بوونه هۆكاری سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌نگاوی یه‌كه‌می پلانه‌كه‌ی بۆلشەڤیكەكانه‌كان، ئه‌وه‌بوو بۆلشەڤیكەكانه‌كان خۆیان خزانده نێو سه‌ندیكاكان و سۆڤیه‌ته‌كانه‌وه توانیان ئاڕاسته‌كه كۆمەڵایەتییەیان بگۆڕن به ئاڕاسته‌یه‌كی ڕامیاریی، واته دایانماڵیین له ماهییه‌ته چینایەتییه‌كه‌یان بۆلشەڤیكەكانه‌كان ھەرچیان بۆ دەكرا كردیان، به‌شه مه‌ترسیدارتره‌كه‌یان هه‌ڵگرت بۆ دوای ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی. بۆلشەڤیكەكانه‌كان هه‌رچی كون و كه‌له‌به‌ری شۆڕشه ڕامیارییه‌كه‌ی خۆیان هه‌بوو، به خه‌تای كرێكارانیان ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه مامه‌له‌یان لەتەك كرێكاران و جوتیاران ده‌كرد.
ڕاسته‌و نكۆڵی له‌وه ناكرێت، كه سوپای سپی هێزێكی كۆنەپه‌رستی دڕنده و وێرانكار بوو، به‌كرێگیراوی بۆرسه‌ی (پاریس) و سه‌رمایه‌دارانی ناوه و ده‌ره‌وه بوو، ده‌سه‌ڵات لەتەكیدا له جه‌نگێكی خوێناوی سه‌ختدا بوو، به‌ڵام لەتەك ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌رچاوێكی له‌سه‌ر هێزی سۆڤیه‌ته‌كان بوو و لێیان تۆقیبوو، چونكه دەیزانی، كه ناتوانێت له‌پاڵ ئه‌واندا مێخه‌كانی خۆی قوڵ دابكوتێت، دەبووایه سه‌ریان به‌گۆمدا بكات، ده‌سه‌ڵات زیاتر له‌وانه ده‌ترسا:
– سۆڤیه‌ته‌كانی (مۆسكۆ – كرۆنشتات- پترۆگراد)
– بزوتنه‌وه‌ی ھەرەوەزیی جوتیارانی ئۆكرانیا، ناسراو به بزوتنه‌وه‌ی (ماخنۆڤیستی)
– ئازادیخوازه‌كان (ئه‌ناركیسته‌كان)
– به‌رهه‌ڵستكارییه‌كه‌ی نێو پارت،به پێشڕه‌وی (ئه‌لكسندرا كۆلنتای)
لەبەرئەوە به یاسا بنەڕەتییەكان سۆڤیه‌ته‌كانی هه‌ڵدە‌وه‌شانده‌وه و له جێگه‌كانیان لیژنەی حیزبی و سه‌ندیكای سووریا‌ن دادەنا، هه‌ر به‌رهه‌ڵستییه‌ك ببووایه له خوێنی خۆیدا ده‌یانگه‌وزاند، بۆ نمونه قه‌سابخانه‌ی (كرۆنشتاد و پترۆگراد).
هه‌رچه‌نده سوپاكه‌ی (ماخنۆ) له پێش سوپای سووره‌وه دژی دژه-شۆڕش و ھێزەكانی ئاڵمان و نەمسا ئازایانه ده‌جه‌نگا و قوربانیدە‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات، هه‌ر لێیی ڕازینه‌بوو، چونكه به‌گەلكاریی به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رهه‌مدەھێنا و داوای به كۆمونیستكردنی زه‌وییەكان و به‌رهه‌مێنان و دابه‌شكردنیان ده‌كرد.
ئازادیخوازه‌كان به ژماره له روسیا هێزێكی مه‌زن نه‌بوون، به‌ڵام كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕوداوه‌كان دانابوو، تاكه هێزبوون، كه لەتەك بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی كرێكاران له سۆڤیه‌ته‌كاندا تێكه‌ڵبوون و ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بوو و له لایه‌نگرانی شۆڕش بوون، له پترۆگراد و كرۆنشتاد لەتەك كرێكاراندا شه‌ونخونیان ده‌كێشا، تا هێزی دژه-شۆڕش بۆ لێدانی سۆڤیه‌ته‌كان و په‌كخستنی به‌رهه‌مهێنان ده‌رفه‌تی ده‌ستنه‌كه‌وێت. ئه‌وان لەتەك ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شیاندا،له هه‌موولایه‌ك ئاگاداریان ده‌دا و خه‌ڵكیان له مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئاگاداردە‌كرد، كه شۆڕش به‌ره‌و مه‌رگه‌ساتێكی گه‌وره ده‌بات و ڕۆشنیاندە‌كرده‌وه، كه به‌هێزبوونی ئه‌قڵییه‌تی به حیزبیكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته هۆی سه‌ره‌كی داكشانی شۆڕش و زیادبوونی ئیمتیازاتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
بۆلشەڤیكەكانه‌كان له‌نزیكه‌وه، به‌تایبه‌تی (ترۆتسكی) ئاگاداری بیربۆچوون و هه‌ڵوێستی ئه‌و ئازادیخوازانه بوو، وه‌ك دوژمن تێیدە‌ڕوانیین و له هیچ جێگه‌یه‌ك بواری مانه‌وه‌یانی نه‌هێشتبووەوه، له كرۆنشتاد ژماره‌یه‌كی زۆری كوشتن و برینداركردن به‌ندیخانه‌كانیشی له‌و ئازادیخوازانه پڕكردبوو، جگه له‌وه به ئاگر و ئاسن په‌لاماری باره‌گه‌كانیانی دەدا و به كۆمه‌ڵ ده‌یكوشتن، خوێناویترینیان په‌لاماری باره‌گای مۆسكۆ بوو، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ كه‌س به‌ڵگه‌یه‌كی به ده‌سته‌وه نییه و بڵێت سه‌رانی بۆلشەڤیكەكانه‌كان به‌تایبه‌تی (لینین) ئاگاداری ئه‌و قه‌سابخانانه نییه.
له‌نێو حیزبی بۆلشەڤیكەكانه‌كاندا ده‌نگ و هه‌ڵوێستێكی كرێكاریی ناڕه‌زا دروستبوبوو (ئه‌لكسه‌ندرا كۆلنتای) یه‌كێك بوو له‌وانه داوای سه‌ره‌كیان دانانی سنوور بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو بۆ سۆڤیه‌ته‌كان، بۆلشەڤیكەكان ئه‌وانیشیان پاككرده‌وه، زۆریان لێكوشتن، زۆریشیان ده‌ربه‌ده‌ری سیبریا و شوێنه دووردهستهكانی دیكە كرد و به‌شێكی دیان ڕه‌وانه‌ی خڵه‌فاوخانه‌كانی حیزب كرد، دواتر كه‌سنه‌یزانی لە چ گۆڕێك نران.
با ئێسته بزانیین چۆن ڕاگرتنی جه‌نگ، كرایه به‌شێك له‌و قه‌سابخانه‌یه. نه‌دە‌بووایه شۆڕشی كۆڕه كرێكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیا سه‌ریبگرتایه، چونكه دەبووه وزه‌به‌خشی كۆڕه كرێكارییه‌كانی روسیا، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌مه سپارتاكیسته‌كانی ئه‌ڵمانیا وه‌ك بۆلشەڤیكەكان بیریاننه‌دە‌كرده‌وه، بڕوایان به هزری (حیزبی پێشڕه‌و) نه‌بوو، زیاتر خۆبه‌خۆیخوازی كرێكاری و ده‌سه‌ڵاتی كۆڕه كرێكارییه‌كان بوون به‌تایبه‌تی (رۆزا لوكسمبورگ) و (كارل لێبكنێشت) (بڕوانه هه‌موو جنێوه‌كانی لینین) كه به‌و دوو شۆڕشگێڕه‌ی ده‌دان.
بۆلشەڤیكەكانه‌كان له ڕامیارییدا به سه‌لیقه‌بوون، دەیانزانی گه‌ر جه‌نگ ڕابگیرێت، وزه‌به‌خشی كرێكاری ئه‌ودیوو بۆ ئه‌مدیوو، ئه‌مدیوو بۆ ئه‌ودیوو بنه‌بڕدە‌كرێت و قور به‌سه‌ر كۆڕه‌كاندا دەكرێت، چۆن؟ له‌به‌ر جه‌نگ له هه‌ردوولا سوپا ده‌ستیگیرابوو و نه‌یدە‌په‌رژایه سه‌ركاروباری نێوخۆ،ئه‌وه‌بوو به گرێبه‌ستێك جه‌نگ ڕاگیرا، له هه‌ردوولا سوپا ده‌ستبه‌تاڵبوو، توانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوه‌وه و ئه‌زمونی داپڵۆسین بخه‌نه‌گه‌ڕوو و بكه‌ونه وێزه‌ی كۆڕه‌كان، له ئه‌لمانیا بڵاوه به كۆڕه‌كان كرا، چه‌نده‌ها كادری كرێكاری شۆڕشگێڕ تیرۆركران، بۆ نمونه (رۆزا) و (كارل لێبكنیێشت) له روسیاش ئەوه كرا، كه به كورتی باسمكرد. ئه‌و ده‌مه كه‌شێكی وه‌ها دروستكرابوو، كه‌س نه‌یدە‌وێرا له پێستی خۆیدا بجوڵێته‌وه، یەكسەر به پیاوی بێگانه و دژه-شۆڕش تاوانباردە‌كرا و سه‌ره‌نگوم ده‌كرا.
ئا له‌و شه‌ڕه خوێناویه‌دا (ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار) بردیه‌وه و (هاوبه‌شی كرێكاران) دۆڕاندی، به واته‌یه‌كی دی شۆڕشی ڕامیاریی گره‌وی برده‌وه و (دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا !! و حیزبی پرۆلتاریا!) باوكران.
دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا !! و حیزبی پرۆلیتاریا !!
ئه‌و دوو ده‌عبایه ته‌واوكەر و وزه‌به‌خشی یه‌كترن، به‌جیا هه‌ركامیان وه‌ربگریت، له توڕه‌هات زیاتر هیچ واتایه‌كی تریان نییه، ئه‌و دووانه موڵكی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریین، نه‌ك پرۆلیتاریا وه‌ك چینێكی شۆڕشگێڕ، دەشێت یه‌ك پرۆلیتار، یان ده‌سته‌یه‌كی ناھوشیار بیانكه موڵكی خۆیان و خۆیانی پێوه‌بابده‌ن، به‌ڵام پرۆلیتاریا وه‌ك (چینێك) هیچ كارێكی به‌وانه نییه، پرۆلیتاریا به غه‌ریزه‌ش بێت، كارێك ناكاته ئه‌ركی خۆی، گه‌ر ئه‌ركی مێژویی خۆی نه‌بێت، ئه‌وه له كیوێ و كه‌ی پرۆلیتاریا به‌بێ هوده به دوای حیزێكدا گه‌ڕاوه، تا بیكاته پێشڕه‌وی خۆی؟ له هه‌موو شوێنێك هه‌میشه،هه‌ر حیزب به‌بێهوده به‌دوای چینی پرۆلیتاریا‌دا گه‌ڕاوه، تا بیكاته پاشكۆی خۆی
ده‌رهه‌ق به‌و دیكتاتۆریه‌ته نه‌فره‌تییه‌ش، پرۆلیتاریا هیچكات كاری پێینه‌بووه، تا پراكتیزه‌ی بكات.
گه‌ر بتوانرێت دیكتاتۆریه‌ت واتایه‌كی پۆزه‌تیڤ و به‌له‌زه‌تی بده‌یتێ، ئه‌وا دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا خودی شۆڕشه‌كه‌یه‌تی، به‌واتایه‌كی دی كاتێك پرۆلیتاریا به شۆڕشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی فه‌رشی ئابووری له‌ژێر لاقه‌كانی بۆرژوازی دهردەهێنێت و ده‌موده‌ست ده‌یخاته ژێر هاوبه‌شییه كرێكارییه ئازاده‌كان، ته‌نها ئه‌وه‌یه پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌ته‌كه‌ی، ئەگه‌ر نا پرۆلیتاریا، نه ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی هه‌یه، تا بیكاته ئامرازی پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌ت، نه خاوه‌نی هیچیشه تا به دیكتاتۆریه‌ت پارێزگاری بكات، پرۆلیتاریا دوای شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌یه‌تی و نییه‌تی هاوبه‌شیه ئازاد و ئاره‌زومه‌نده‌كانییه‌تی به‌رگریان لێبكات، ئه‌و به‌رگریه‌ش، نە ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی حیزبییە و نه واتای پراكتیزه‌كردنی دیكتاتۆریه‌تیش ده‌به‌خشێت، ته‌نها به‌رگرییه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه له ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌و به‌رگریه‌شدا،نه كه‌س، نه‌هیچیش ده‌كاته ئامرازی ده‌ستی خۆی، ته‌نیا خۆیه‌تی خۆی به خۆبه‌خۆیی، كه‌واته پرۆلیتاریا وه‌ك چینێك له موماره‌سه‌كردنی هیچ جۆره ده‌سه‌ڵات و حیزبێكدا ماهیه‌تی خۆی جێبه‌جێ ناكا و ناسه‌لمێنێ، پرۆلیتاریا شۆڕشه‌كه‌ی، یان شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، یان نییه، پرۆلیتاریا چینێكی شه‌قاوه نییه، خواست و هیوا و مه‌به‌ستی ڕامیاریی نییه، خواست و هیوا و مه‌به‌سته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریین، تەنیا حیزبی پرۆلیتاریا، خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنێكی چینایەتییه و وا له‌نێو چوارچێوه‌ی چینه‌كه‌ی خۆیدا، ده‌ستی ده‌ره‌كی نامۆی تیادا نییه، ئه‌و حیزبه‌ی ئه‌و [ڕێكخستنی سەربەخۆیی جەماوەریی] پشتبه‌خۆبه‌ستی چاونه‌ترسه و مێژووی خه‌باتی پڕه له هه‌زان هه‌زار مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین و داهێنانی تیۆرییه.
حیزبی ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه و ڕامیارییه، ده‌سه‌ڵاتخوازان ته‌واو به‌وه هۆشمه‌ندن، كه دەبێت به‌ر له (شۆڕشی كۆشك) پێكهاته‌یه‌كی ڕامیاریی قوچكەیی (هه‌ره‌می/ ھیرارشی) خاوه‌ن دیسپلین هه‌بێت، واته ده‌وڵه‌تێكی بچوكراوه‌ی حازربه‌ده‌ست هه‌بێت، تا له كاتی ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریدا، هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان پێپڕبكرێته‌وه و وابێت كە ده‌وڵه‌ت له‌هیچی كه‌م نه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌بواری داپڵۆسینی جه‌سته‌یی (پۆلیس و سه‌رباز) و داپڵۆسینی هزری و ڕۆسنبیری (میدیا). ئه ئاواهین ئه‌و دوو جۆره حیزبه، واته (حیزبی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆبه‌خۆیی شۆڕشگێڕ) و (حیزبی هۆشمه‌ندی پێشڕه‌و) لێره‌دا سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌و (حیزبه هۆشمه‌نده)، دوو په‌ڕتووكی هه‌ن (الدولة و الثورة) و (ماالعمل)، ئەگەر لە دەستی بسێنیت، ئیتر هیچی پێنامێنێ ،نه بیڵێت،نه بیكات.
شۆڕشی ئه‌ناركی ******
به‌ر له هه‌موو شتێك (باكۆنین) پێماندەڵێت “شۆڕشه‌كان یاری منداڵان نیین” شۆڕش جه‌نگه، ئەو جه‌نگە ئه‌هلییە، ڕاسته شكێنه‌ره، ته‌نها كاردانه‌وه‌یه و هیچی دی پێویست به‌وه ناكات قسه و قسه‌ڵۆكی دی دوابخرێت، ئه‌و به‌لایه‌وه سه‌یره، كە ئه‌و جه‌نگه ئەوەندە نه‌فره‌تی بێت و ھەروەھا ئەو لەوە بێگومانە، كە جەنگ ئەھلی شاڵاوێكی یەكژەمیی رۆماتیكییە و گورجوگۆڵییه‌كی كاریگه‌ری مه‌زن دە‌هوروژێنێت، بۆ ئامانجی سه‌ركی، كه ئه‌ویش تێكوپێكشكاندی هه‌موو جۆره‌كانی سه‌روه‌ریه، كه ده‌وڵه‌ت خراپتریین سمبولی هه‌موویانه، هه‌موو ڕۆژێك، له هه‌موو شوێنێك دروستكاری خۆبه‌خۆیی جه‌ماوه‌ری، نێوه‌ڕۆكی ستراتیجی ئه‌ناركیسته شۆڕگێڕه‌كانه، هه‌ر ئه‌وه‌شه ڕاستی گومانلێنه‌كراوی فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاریی باكۆنینی.
شۆڕشگێڕان ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت، بۆ سوودگه‌یاندن به ئازادی، پارێزگاری دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ده‌كه‌ن و به‌بێ هیچ چۆنوچه‌ندییەك له‌سه‌ر ئه‌وه سوورن، كه لایه‌نگرانی یه‌كسانی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تین، ئه‌گینا ئازادی ده‌بێته وشه‌یه‌كی بێ‌واتا و دوور لە مۆراڵ و گه‌شه‌كردن، هه‌موو درۆی گه‌وره‌ن (باكۆنین) بلێبڕاوانە ئازادی ده‌خاته ڕیزی پێشه‌وه‌ی نه‌خشه، ئه‌و وا بیرده‌كاته‌وه، كه “یه‌كسانی له دونیادا له خۆبه‌خۆیی كار و هاوبه‌شییه‌كان و هه‌ره‌وه‌زییه به‌رهه‌مهێنه‌ره ئازاده‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، نه‌ك له سه‌روه‌ریكاری و ده‌وڵه‌ته‌وه.
(باكۆنین) جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وه‌یه هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌رتبوونی سۆسیالیسته‌كان، واته هه‌ره‌وه‌زیخوازه شۆڕشگێڕه‌كان و كۆمونیسته سه‌روه‌ریخوازه‌كان، دۆستانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ده‌وڵه‌ت، ئەستەمه به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكار، سه‌روه‌ریخوازیی و چینێكی چه‌وسێنه‌ری خاوه‌ن ئیمتیاز ، بوونی ھەببێت.
ئێمه ئه‌مڕۆ به‌باشی و به‌ئاسانی له سڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ناركیسته روسه (باكۆنین) ده‌گه‌ین، كه به‌رامبه‌ر به بیرۆكه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن (حیزبێك، یان چینێكی شۆڕشگێڕه)وه هه‌یبوو، كە له چییه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتووه.
ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ته جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی (كارل ماركس) پێماندە‌وترێت، له ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌ودا هه‌موومان یه‌كسانیین، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن، كه نه یاسایی، نه ڕامیاریی، نه ئابووریش چینی خاوه‌ن ئیمتیاز بوونی نییه (…)، به‌ڵام حكومه‌تێك هه‌یه ” لێره‌دا باش تێبینی ئه‌وه‌بكه‌ن” كه حكومه‌تێك هه‌یه و هه‌موو سامانه‌كانی به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام به هیچ جۆرێك وه‌ك حكومه‌ته‌كانی دی حكومڕانی ناكات!! شتێكی سه‌یره.
(باكۆنین) لای خۆی گومانی نه‌هێشتۆته‌وه و ئه‌وه‌ی یه‌كلاكردۆته‌وه، كه پێویسته پرۆلیتاریا دوای ئه‌وه‌ی كە دەست به‌سه‌ر ئامێری ده‌وڵه‌تدا دەگرێت، بۆ له‌نێوبردنی بۆرژوازی، سوودی لێوه‌ربگرێت. لای (باكۆنین) ده‌وڵه‌ت داموده‌زگایه‌كی دژه‌شۆڕشگێڕیی داپڵۆسێنه‌ره، دوای ئه‌نجامدانی شۆڕش، ته‌نها بۆ ساتێكیش ده‌ستیپێوه‌ناگیرێت و لهنێودەبرێت، ئا لێره‌دایه كه‌له‌به‌ر و جیاوازی نێوان ئه‌ناركیزمی شۆڕشخواز و ماركسیزم، زۆر ئاشكرایه، كه ناته‌بایی (ماركس) و (باكۆنین) ستراتیجی شۆڕشی سۆسیالیستی خستنه بنبه‌ستێكی مه‌زنه‌وه، هه‌ڵوێسته***** دژ به‌یه‌كه‌كانیان زۆر له‌وه زیاتر بوون، كه ته‌نها ده‌مه‌قاڵێیه‌ك و پێشبڕكێیه‌كی ئایدیۆلۆجی بووبن. پاش 1917ئه‌و گرفته تیۆرییه به جۆرێكی دراماتیكی، به‌ڕاستی پراكتیزه‌كرا، به چه‌شنێك پرۆلیتاریای دونیای دووچاری زنجیره‌یه‌ك قه‌یرانكرد، كه ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌موو كاتێك، كه‌س پێشبینی تروسكایی ده‌لاقه‌یه‌كی ڕۆشنی قوتاربوون، نابینێت.
*********************************************
پەراوێزەكان:
* بڕوانه په‌ڕتووكی (histoire de l’anarchisme) لاپه‌ڕه‌٢٤٢
** بڕوانه په‌رتووكی (به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات)ی كاوتسكی
*** بڕوانه په‌ڕتووكه‌كانی (ما العمل) و (الدولة والثورة) و (موضوعات نیسان)و (هل یحتفظ البلاشفة بالسلطة)
**** بڕوانه په‌ڕتووكی(la révoulition inconnu)ی ڤۆلین، هه‌روه‌ها نووسینه‌كانی (ئیما گولدمان) و (ئه‌لكسندر بێركمان)
*** بڕوانه په‌ڕتووكی ( شۆڕشی نه‌ناسراو la révollution inconnu) و نووسینه‌كانی ئیما گۆڵدمان و ئه‌لكسندر بیركمان، سه‌رده‌می شۆڕشی ڕوسی.
**** بڕوانه تاقیكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئیسپانی و كۆڕه‌كرێكارییه‌كانی ئیتالیا، كه چۆن له‌به‌ر ڕۆشنایی تاقیكردنه‌وه‌ی ڕوسیدا، بڤه‌یانكرد، بۆلشەڤیكەكانه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆیان توخنی كۆڕه‌كانیان بكه‌ون -س-ع
***** په‌ڕتووكی (histoire de l’anarchisme) ل243-244- نوسینی(jean préposiet)
****** به‌م بۆنه‌یه‌وه دەمهوێت مەتەڵێك هه‌یه ڕۆشنایی بخەمەسەر ( به‌ڕاستی زۆر به‌لامه‌وه سه‌یره، كه (كارل ماركس) به‌و هه‌موو توانا زانستییه‌ی خۆیه‌وه،چۆن و چی گه‌یاندوویه‌تی به‌و بڕوایه، كه دەبێت دوای شۆڕش ده‌وڵه‌ت بهێڵرێته‌وه، به‌مه‌رجێك ئه‌و له هه‌موو كه‌سێكی دی باشتر ئه‌وه‌ی زانیوه، كه هیچ دیارده‌یه‌كی سه‌رخانی به‌بێ بنه‌مایه‌كی مادی بوونی نییه،جا تۆ بڵێی ئه‌و له‌و پرسە‌یه‌دا به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیه‌وه (ماته‌ریالیزمی دایلێكتك و ماته‌ریالیزمی مێژویی) بیریكردبێته‌وه؟! یان له‌و پرسە‌یه‌دا سیله‌ی ڕه‌حمی خۆی له (ده‌وڵه‌ته ڕه‌ها)كه‌ی ھیگڵ نه‌بچڕاندوه، تكا دەكه‌م، گه‌ر كه‌سێك هه‌یه و دەتوانێت وەڵامی ئه‌و مەتەڵە پیرۆزه‌م بۆ ده‌ربخات، پێشه‌كی سوپاسی ده‌كه‌م، گرنگیش نییه لام ئه‌و كه‌سه (ماركسی)بێت، یان (ئه‌ناركی)بێت، یان هه‌رچییه‌كی دی بێت. سه‌لام عارف
درێژەی دەبێت …..
*******************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: