12/06/2013 Anarchistan ئەنارکیستان (B.2) بۆچی ئەناركیسته‌كان دژایەتی ده‌وڵه‌ت دەكەن؟ (B.2) بۆچی ئەناركیسته‌كان دژایەتی ده‌وڵه‌ت دەكەن؟ An Anarchist FAQ (B2) و. زاھیر باھیر هه‌روه‌كو پێشتر لە (section B.1) تێبینیكرا، ئەناركیسته‌كان دژ به هه‌موو فۆرمێكی ده‌سه‌ڵاتن، به‌درێژایی مێژوو‌و وزه و توانا و كاتی خۆیان به‌تایبه‌تی دژی دوو فۆرم به‌كاربردووه، كه یه‌كێكیان سەرمایەدارییه و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ده‌وڵه‌ته. ئه‌م دوو فۆرمه‌ش به‌یه‌كه‌وه گرێدراون و به‌ئاسانی له‌یه‌كدی جیاناكرێنه‌وه. “ده‌وڵه‌ت …. و سەرمایەداری ڕاستی و ئایدیایهكن، كه ناتوانین له‌یه‌كدی جودایان بكه‌ینه‌وه. ئه‌م دەزگانه له ڕێڕه‌وی مێژووودا به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و كۆمه‌كیان به‌یه‌كدی كردوه و ده‌كه‌ن و یه‌كتر به‌هێزده‌كه‌ن. ئه‌مانە به‌یه‌كه‌وه گرێدراون… نه‌ك به ڕێكه‌وت و به‌بێ هۆ، به‌ڵكو به په‌یوه‌ندی نێوانیان و هۆكار و كارایی دانانه‌وه‌یان له‌سه‌ر یه‌كتری، ئەمەش به‌یه‌كه‌وه پهیوهستیكردوون” كرۆپۆتكین [Kropotkin, Evolution and Environment, p. 94] له‌م به‌شه‌دا، به زنجیره و بە دوای یەكتردا، باس له‌وه ده‌كه‌ین، بۆچی ئەناركیسته‌كان دژ ی ده‌وڵه‌تن، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش به‌پێی پێویستی، توێژینه‌وه و لێكدانه‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌ت به سەرمایەدارییه‌وه ده‌كه‌ین. ئەی كه‌واته ده‌وڵه‌ت چییه؟ هه‌روه‌كو مالا‌تێستا Malatesta ده‌ڵێت ئەناركیسته‌كان ” واژەی (ده‌وڵه‌ت)یان بە واتای كۆی تەواوی دەزگا ڕامیاریی و یاسایی و دادگایی و سەربازیی و دەزگا دارایییەكان، بەكاربردووە و ھێشتاكەش بەكاردەبەن، كه له نێوه‌ندی ئه‌م دەزگا‌یانه‌وه، ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی، كۆنترۆڵی هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سایه‌تی و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵی، پێدەكات. به‌رپرسیاربوون له پاراستنیان، له خه‌ڵكه‌كه دەسێندرێته‌وه و ده‌درێت به خه‌ڵكێكی تر، كه به‌پێی پله‌و پایه‌كانیان یا له ڕێگای نوێنهرایهتیكردنهوه، بڕوایانپێدەكرێت و به‌رژه‌وه‌ندییان له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان ده‌بێت، كه یاساكان بۆ هه‌موو كه‌سێك و بۆ هه‌موو شتێك، هه‌روه‌ها بۆ ملكه‌چپێكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ، بۆ چاودێریكردنیان یا چاوتێبڕینیان، دابنێن، گه‌ر پێویستیشیكرد، به كۆمەڵ به‌كاربردنی زۆریش به‌رامبه‌ریان دەگیردرێتەبەر. ” [Anarchy, p. 17] مالا‌تێستا لەسەر قسەكانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: ” لای ئێمه حكومه‌ت، یاخود ده‌وڵه‌ت له فه‌رمانڕه‌وایان و فهرمانڕەواییكراوان، دروستدەبێت …. ئه‌وانه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتی (پاوه‌ری) دروستكردنی یاساكانیان هه‌یه، بۆ ئەوەی چاودێری و كۆنترۆڵی په‌یوه‌ندییه ناوخۆییه‌كانی نێوان مرۆڤه‌كانیان پێبكه‌ن، تاكو دڵنیابن ئه‌و یاسایانە به‌ڕێده‌كرێن …. دیسانه‌وه ئه‌وه‌ی كه له ئاستێكی كه‌م یا زۆردا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له بواری كۆمەڵایه‌تی و له هێزی جه‌سته‌یی و مێشك و ھۆش و ده‌سه‌ڵاتی ئابوورییاندا به‌سه‌ر هه‌موو كۆمۆنێتییه‌كه‌دا، بهكاردهبەن، تاكو بۆ جێبەجێكردنی ئاره‌زووه‌كانی ئه‌وان، فەرمانڕەوایان، هه‌موو كه‌سێك ملكه‌چ بكه‌ن. به‌بۆچوونی ئێمه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش له سەرەتا ده‌ستوورییه‌كانی حكومه‌تی ده‌سه‌ڵاتداردا، به‌رجه‌سته‌ده‌بێت ” [Op. Cit., p. 19] كرۆپتكین)یش كەم تا زۆر هه‌مان لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت كردووه، مشتومڕی ئەوە ده‌كات، كە دەوڵەت ” هه‌ر بەتەنیا دەسەڵاتێك نییە بەڕاسەری كۆمه‌ڵگه‌وە، به‌ڵكو چڕبوونهوهیهكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و ھەروەك چڕبوونه‌وه‌ی زۆرینەی كاروبارەكانی ژیانی كۆمه‌ڵگە لە ده‌ستی هه‌ندێكدا …. میكانیزمێكی ته‌واوی یاسادانان و جێبەجێكردنە (كاری پۆلیسیی) لە سیستەمێكدا، تاكو هه‌ندێك چین لە پاوانگەریی (دۆمینه‌یت) ئه‌وانی تردا ملكەچبكات” [The State: Its Historic Role, p. 10 لای (باكۆنین)یش هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ” له ناوه‌ڕۆكدا ماشێنێكن، كە فه‌رمانڕه‌وایی جەماوەره‌كه له سه‌ره‌وه، بەھۆی…. كهمایهتییهكی بەرتەریدار (ئیمتیازدار)ەوه، ده‌كه‌ن، بەو بیانووەی كه گوایه سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ڕاستینەی كەسەكان ، له خودی كەسەكان خۆیان باشتر ده‌زانن” [The Political Philosophy of Bakunin, p. 211] له‌هه‌مان باس‌دا Murray Bookchin ده‌نووسێت” بهلانیكهمهوه ده‌وڵه‌ت سیسته‌مێكی شارەزایانەیە (Professional) له ڕاماڵین و ناچاركردنی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه، كه لە ڕاستیدا سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی كۆمەڵایەتییانه نییه، گه‌رچی تا ئێستاش ساویلكانه له‌لایه‌ن زۆرینەی خه‌ڵك و بیردۆزه ڕامیاره‌كانه‌وه، ئاوا دەچوێنرێت و ده‌ناسرێت. لێره‌شدا دەكرێت واژه‌ی شارەزا (پرۆڤێشناڵ) وه‌كو واژه‌ی ناچاركردن “Coercion ” لەبەرچاو بگیردرێت ….. كاتێك كه ناچاركردن “Coercion” له قاڵبی ده‌زگایی ده‌درێت و ده‌ئاخنرێته قاڵبی شارەزایی (پرۆفێشنه‌ڵێتی)یه‌وه و دەزگایی ده‌كرێت و ده‌بێته پڕۆگرامێك (مه‌نهه‌جێك) و فۆرمێكی ڕێكخه‌ر له كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵایەتییدا… ئه‌و كاته ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێت، كاتێك كەسەكان له ژیانی ڕۆژانه‌یان هه‌ڵكه‌نران و له كۆمۆنێتیهكهیان دابڕان و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێنه‌كرێت، كه بەخۆیان كاروباری خۆیان ڕێكبخەن، به‌ڵكو به یارمه‌تی كۆنترۆڵكردنیان به توندووتیژی، ئه‌و كارانه ئه‌نجامبده‌ن … ئه‌وا ده‌توانین به‌ته‌واوی قسه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت بكه‌ین” [Remaking Society, p. 66] . هه‌روه‌كو بوكچین (Bookchin) ئاماژه‌ی پێكرد، ئەناركیسته‌كان ئه‌و ئایدیایه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌وڵه‌ت وه‌كو كۆمه‌ڵگه یا هه‌ر گروپێك له مرۆڤه‌كان بێت، یاخوود كاتێك كه مرۆڤه‌كان به كۆمه‌ڵ به‌یه‌كه‌وه ژیاون یا به‌یه‌كه‌وه ژیانیان ڕێكخستووه، ئه‌وه‌ی گه‌یاندبێت، كه ئه‌وە ده‌وڵه‌ت بێت. وه‌كو كرۆپۆتكین تێبینیكردووه و هۆیەكهشی لێكداوەتهوه، چەواشەبوونەكە لەوێدایە ” ئەناركیسته‌كان به‌گشتی وامامه‌ڵەیان لەتەكدا كراوە و تاوانباركراون، كه ده‌یانه‌وێت ‘كۆمه‌ڵگه بڕوخێنن’ و لاینگری گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ ‘ به‌رده‌وامیدان بە جه‌نگی هه‌ر یه‌ك دژی هه‌مووان’ ” ئه‌م هه‌ڵوێسته ئه‌و ڕاستییه نابینێت، كه هه‌زاران ساڵ پێش ئه‌وه‌ی ناوی ده‌وڵه‌ت ببیسترێت، مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌دا ژیاوه و له سه‌رئه‌نجامدا ده‌وڵه‌ت یه‌كێك بووه له‌و فۆرمانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه له ڕێڕه‌وی مێژووودا ناسیونی” [Op. Cit., p. 10] له‌به‌رئه‌وه، هه‌ر ئاوا به‌و ساده‌یه، ده‌وڵه‌ت فیدراسیۆنێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه یا له خه‌ڵكه‌كه، نییه، به‌ڵكو هه‌ر وه‌ك مالا‌تێستا جه‌ختی له‌سه‌ر كردۆته‌وه، نابێت ده‌وڵه‌ت به‌وه بچوێنرێت، كه ” هه‌ره‌وه‌زییه‌كی مرۆڤانه‌یه و تێیدا مرۆڤەكان له ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌یه‌كه‌وه كۆبوونه‌ته‌وه و شتێكیان پێكهێناوه، كه یهكەیەكی كۆمەڵایەتیی پێیده‌ڵێن. كۆبوونه‌وه‌یان و ژیانیان له‌و یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه بهكۆمهڵژیانیان، ژیانێكی هه‌ره‌وه‌زییانه‌یه “ هه‌روا به‌و ئاسانییه ناتوانرێت، ئه‌وه بهكارببرێت كه ” ناوێكی دیكه یا واتایه‌كی دیكه بێت بۆ كۆمه‌ڵگه” [Op. Cit., p. 17]. ده‌وڵه‌ت فۆڕمێكی تایبه‌تییه بۆ ڕێكخراوی كۆمەڵایەتیی له‌سه‌ر بناخەی دیاریكراوی چه‌ند تایبەتمەندییەكی ته‌واو، ئێمه مشتومڕی ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه ” واژه‌ی ده‌وڵه‌ت…. ده‌بێت بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگانه دابنرێت یا بهكارببرێت كه سیسته‌مێكی قوچكەیی (ھەرەمی/ هیراشی) و ناوه‌ندگه‌راییان، هه‌یه . [Peter Kropotkin, Ethics, p. 317f]به‌م چه‌شنه، ده‌وڵه‌ت ” ده‌زگایه‌كی مێژووویی ڕاگوزه‌ر (ئینتیقالی)ە، فۆرمێكی كاتیی كۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌روه‌ها فۆرمێكه كه ئه‌گه‌ری ‘ ته‌واوی له‌ناوبردن و له ڕیشه‌ده‌رهێنانی’ هه‌یه، هه‌ر وه‌كو چۆن ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵگه نییه” [Bakunin, Michael Bakunin: Selected Writings, p. 151] به‌كورتییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت ڕێگایه‌كی دیاریكراوه، كە كاروباره‌كانی مرۆڤی له شوێنێكدا تێدا ڕێكخراوه، ڕێگایه‌كه له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كه‌وه دیاریكراوه، كه هه‌ر یه‌كەیان به ڕۆڵی خۆی چه‌ند كاراكهتهرێكی هه‌یه. به هەرحاڵ ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه نییه، كه ده‌وڵه‌ت له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئافەرێنراوه تاكو ئێستا، ڕیزێكی تەنیای گه‌وره‌ی له به‌رد و بلۆك و بوونێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و هەمان فۆڕمی هەبێت. ده‌وڵه‌ته‌كان له زۆر ڕووه‌وه لە یەكدی جیاوازن، به‌تایبه‌تی له ڕاده‌ی ئاره‌زوویانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات، یا ده‌سه‌ڵاتدارێتییاندا، له قه‌واره و ھێزی بیرۆكراسییاندا، هه‌وه‌ها له چۆنێتی خۆڕێكخستنیاندا. جیاوازی لە شێوه‌ی پاشایەتی و ئۆلیگاركی/ئۆلیگارشی (Oligarchy) و تیئۆكراسی [فەرمانڕەوایی ئایین Theocracy] و دیكتاتۆریه‌تی پارت و هه‌روه‌ها ( زۆر یان كه‌م) ده‌وڵه‌تی دیمۆكراتی ھەیە. ده‌وڵه‌تی كۆنی كەمتر بیرۆكراسی و ده‌وڵه‌تی ھاوچەرخی زۆر بیروكرات ھەن. له‌وه‌ش زیاتر ئەناركیسته‌كان مشت‌ومڕ لەسەر ئه‌وه ده‌كه‌ن ” كه ڕژێمی ڕامیاری … هەمیشە ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕژێمی ئابوورییه، كه له جه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا، بوونی هه‌یه”. ئه‌مه‌ش واتە ئەوەی كە دەوڵەتەكە هه‌رچۆنێك بگۆڕدرێت، “به‌ڵام له به‌خۆوه‌گرتنی شێوه‌ی سیسته‌مه ئابوورییهكەیدا به‌رده‌وام ده‌بێت، كه هه‌میشه هێمایهكە و له هه‌مان كاتیش‌دا چه‌قی هێزێكه”. پێویستناكات بوترێت، كه هه‌میشه وهكویهكن و هه‌ندێك جار “ڕژێمه ڕامیارییه‌كه‌ی وڵاتێك، خۆی له پاشكۆی ئه‌و گۆڕانكارییه ئابوورییه‌دا كه ڕویداوه، ده‌بینێته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش له‌ناكاو ده‌چێته قوژبنێكه‌وه و به‌رگێكی مۆدێلانه‌ی وا دەپۆشێت، كه لەتەك ئه‌و ڕژێمه ئابوورییه‌ی، كه دروستبوووه، بێته‌وه” [Kropotkin, Words of a Rebel, p. 118] له‌كاته‌كانی دیكه‌یشدا، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت بۆ پارێزگاریكردن له سیسته‌مه ئابوورییهكە، ڕواڵه‌تی خۆی بگۆڕێت، ئه‌مه‌ش ڕەنگدانەوەیەتی. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه ده‌بینین له به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه و هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ریانه‌دا، دیمۆكراسی ده‌گۆڕێت به دیكتاتۆری. دیارترین نموونەش: نموونەی پینۆشێت (Pinochet)ە له چیلی، فرانكۆ (Franco) له ئیسپانیا، مۆسۆلۆنی (Mussolini) له ئیتالیا، هیتله‌ر (Hitler) له ئه‌ڵمانیا، هەموو ئەمانە پشتڕاستكه‌ره‌وه‌ی سەرنجەكهی (باكۆنین)ن، كه ده‌ڵێت ” هیچ حكومه‌تێك باشتر له كۆمارییه‌كان خزمه‌تی به‌رژه‌وندی ئابووری بورجوازییهكان، ناكه‌ن” …چینی بورجوازی ” له تێكشكانی ” هه‌ڵچوون و خرۆشانهكانی پڕۆلیتاریادا” گەر پێویستبكات، ” دیكتاتۆری سەربازی (military)ی پێباشترە “. [Bakunin on Anarchism, p. 417] به‌هه‌رحاڵ، ده‌وڵه‌ت هه‌رچۆنێك فۆڕمه‌كانی بگۆڕێت، هێشتاكە هه‌ر چه‌ند كاراكته‌رێكی ئاشكرای خۆی هه‌یه، بەو دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییە كۆمەڵایەتیییهیدا كە هەیەتی، وه‌كو ده‌وڵه‌تێك ده‌ناسرێته‌وه. بەم شێوەیە ده‌توانین بڵێین، كه لای ئەناركیسته‌كان ده‌وڵه‌ت به سێ شت دیاریكراوه : 1- ” مۆنۆپۆلی توندووتیژی” له ناوچه‌یەكی دیاریكراودا. 2- ئه‌م توندووتیژییه سروشتێكی ده‌زگایانه‌ی پرۆفیشناڵی هەیە، لەتەك : 3- سروشتی قوچكەییانه و ناوەندگەرایی دەسەڵات و چڕبوونەوەی ده‌سه‌ڵات و دەستپێشخەری لە دەستی كەمایەتییەكدا. دواخاڵی ئه‌و سێ خاڵەی سه‌ره‌وه، كه (ناوه‌ندگه‌رایی و سروشتی قوچكەیانە)یه هه‌ره گرنگهكهیانه، چونكه چڕبوونه‌وە‌ی ناوه‌ندگەرایی، له ده‌ستی كهمایەتییەكدا، دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایان و فەرمانڕەواییكراواندا مسۆگەردەكات (ئه‌مه‌ش پێداویستی خولقاندنی لێژنەیەكی پرۆفێشناڵ دێنێته‌گۆڕێ، تاكو ئەو دابه‌شكردنه بسه‌پێنێت) . ئا لێره‌دا مشتومری باكۆنین ده‌بینین، كه دەڵێت ” لەتەك ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت هه‌موو ڕێكخراوه‌كانی ژیانی كۆمەڵایەتی له سه‌ره‌وه تا خوارەوە به یاسا و به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت بڕۆن” [The Political Philosophy of Bakunin, p. 242] به‌واتایه‌كی تر ” كەسەكان بەخۆیان فه‌رمانڕه‌وایی خۆیان ناكەن” [Kropotkin, Op. Cit., p. 120]. ئه‌م لایەنە، بۆ هه‌موویان ده‌ستده‌دات، له ده‌وڵه‌تدا، هەموو دانیشتوانی ناوچهكەیەك بۆ دەوڵەت مل كهچدەكەن، خۆیان به‌و تاكانه دەسپێرن، كه ده‌زگا بەڕێوەبەرایەتییەكانی ده‌سه‌ڵات، دروستده‌كه‌ن و ئەو ناوچەیە به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. بۆ سه‌پاندنی ئاره‌زوو و ویستی ئه‌م كه‌مایه‌تییه، ده‌بێت هێزێكی قۆرخكراویان له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت. هه‌روه‌كو چۆن ئه‌ندامه‌كانی ده‌وڵه‌ت به كۆمەڵ بڕیاره ڕامیارییەكانیان، كه دەسەڵاتی پێدروستدهكهن، كۆنترۆڵكردوون، هه‌ر ئاواش لیژنه‌یه‌كی خاوه‌ن بەرتەریینن به‌هۆی پێگه و پله‌یانه‌وه له سه‌رجه‌می خه‌ڵكه‌كه، جیابوونه‌ته‌وه، به‌واتایه‌كی دیكە واتە له به‌ڕێكردنی ئاره‌زوو و ویستیاندا، ناتوانن متمانه بە خەڵكەكە بكه‌ن. ئه‌مەش لیژنه‌یه‌كی پرۆفیشنا‌ڵانەی پێویسته، كه بڕیاره‌كانیان ده‌سه‌پێنێت، جا هه‌ر جۆرێك له هێزی پۆلیس، یا هێزێكی سه‌ربازی بێت له‌بری خه‌ڵكانی چه‌كدار. به‌م شێوه‌یه دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه به فه‌رمانڕه‌وایان و فهرمانپێكراوانەوە كلیلێكه له چۆنێتی دروستكردنی یا پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت. به‌بێ دابه‌شبوونێكی ئاوا، پێویستمان به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی ئاوا توندووتیژ یا شه‌ڕه‌نگێز، نابێت، دەكرێت هه‌ر وا به‌ئاسانی كۆمه‌ڵێكی یه‌كسانمان ببێت، دوور له ده‌سه‌ڵات و ڕێكخستنی قوچكه‌یی، (ھەروەك لە زۆرێك لە خێڵە سەرەتاییە بێدەوڵەتەكاندا ھەبووە و لە كۆمەڵگەی ئەناركی داھاتووشدا بوونی دەبێت). ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بكرێته‌وه، كه ئه‌م دابه‌شبوونه هه‌تا له ده‌وڵه‌تێكی دیمۆكراسیشدا، هه‌یه چونكه ” له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌میشه پێكھاتەی قوچكەیی و باری جیاوازی له نێوان فه‌رمانڕه‌وایان و فهرمانپێكراوندا، هه‌یه. هه‌تا گه‌ر دیمۆكراسیش بێت، خۆ ئه‌وانه‌ی كه ئه‌مڕۆ فهرمانڕهواییدهكهن، به‌یانی نایكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هێشتا هه‌ر جیاوازییه‌كه له باره‌كاندا هه‌یه. له سیسته‌مێكی دیمۆكراسیشدا، تەنیا كه‌مینه‌یه‌ك هه‌لی فه‌رمانڕه‌واییان، هه‌یه، ئه‌مانه‌ش قه‌ت ناگۆڕدرێن و سه‌ر به توێژاڵی ده‌سته‌بژێر (نخبە/ئێلیت)ن” [Harold Barclay, The State, pp. 23-4] ئا ئه‌مه‌یه “كڕۆكی میرایەتی (حكومه‌ت)” كه ” له‌م جووداخوازییه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی ته‌شه‌نه‌پێده‌دات و له‌ته‌ك ئه‌و دەزگایانه‌ی بوونیان هه‌یه، كه له‌پێناوی خۆی و هێڕشكردنه سه‌ر خه‌ڵك، ھاتوونەتە گۆڕێ (بوون)، تاكو به هه‌ر شێوه‌یه‌ك پێویستبكات، فێریانبكات چۆن پارێزگاریی لە هێشتنه‌وه و ئاساییشی كورسییه‌كه‌ی خۆی بكەن Voltairine de Cleyre, The Voltairine de Cleyre Reader, p. 27 and p. 26] ئا بەم جۆرە ” ئەوەندەی سەركوتگەری بۆ پرنسیپڵ و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەگەڕێتەوە، ئەوەندە زۆر بۆ شێوەی ده‌وڵه‌ت و دەسەڵات ناگەڕێتەوە”. [Bakunin, Op. Cit., p. 211] ئەوەی كە دەوڵەت نوێنەرایەتی دەسەڵات و چڕبوونه‌وه‌یه‌تی لە دەستی كەمینەیەكدا، ئاشكرایە كە لەسەر بنەمای پێكھاتەی قوچكەیی ڕۆنراوە. نوێنه‌رایه‌تیكردنی دەسەڵات سەرەنجامی هه‌ڵبژاردنی كەسانێكه، دووره‌په‌رێزده‌بن له‌و كەسانەی كه هه‌ڵیانبژاردوون و دواتریش له ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌وان دەبن. بڕوانه به‌شی (B.2.4). زیاتر له‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ی كه هه‌ڵبژێردراون دەسەڵاتیان سه‌باره‌ت به ژماره‌یه‌كی زۆر كێشه و پرس، ده‌درێتی و پێیانده‌وترێت، كه بڕیاریان له‌سه‌ربده‌ن، به‌م پێیه‌ش هه‌ر زوو بیرۆكراسی له‌ناویاندا گه‌شه‌ده‌كات، تاكو كۆمه‌ك به گه‌یشتن به بڕیاره‌كان، بكرێت و سه‌رئه‌نجامیش سه‌پاندنی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه پێیاننه‌گه‌یشتوون. به هه‌ر بارێكدا، به هۆی به‌رده‌وامبوونی ئه‌م بیرۆكراسییه و كۆنترۆڵكردنی زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه، هه‌ر به‌زوویی دەسەڵاتێكی ئاوا پەیدادەكات، كه لە دەسەڵاتی ئەوانەی كە بە فەرمی هەڵبژێرراون، زیاترە. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش ” دەزگای ئاڵۆزی باڵای ده‌وڵه‌ت…، بەرەو پێكهێنانی چینێك دەڕوات، كە بەدیاریكراوی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، له‌به‌رچاوبگرن، لەتەك به‌كارهێنانی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه هه‌یەتی، بۆ هه‌ڵخه‌ڵاتاندنی باقییه‌كه‌ی دیكه‌ی خەڵك له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیدا، ” [Kropotkin, Selected Writings on Anarchism and Revolution, p. 61]. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و (وه‌كو پێیانده‌وترێت خزمەتكاریانن)، به به‌راورد به‌وانه‌ی كه خزمه‌تده‌كرێن، ده‌سه‌ڵاتی زۆر زیاتریان هه‌یه. هه‌ر وه‌كو چۆن ڕامیارێك، به به‌راورد به‌وانه‌ی هه‌ڵیانبژاردووه، دەسەڵاتی زۆر زیاتری هه‌یه. هه‌موو شێوه‌كانی دەوڵه‌ت، وەكو ڕێكخراوێكی قووچكه‌یی ( هه‌ره‌می /هیراشی) بە بێچەندوچوون ده‌بنه حه‌وزێكی بیرۆكراسیانه، ئه‌م بیرۆكراسییهش له‌و ستراكتوورهدا، هه‌ر به‌زووی ده‌بێته خاڵێكی په‌یوه‌ندی كرده‌یی بۆ ده‌وڵه‌ت، به‌بێئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایانی فه‌رمی له‌به‌رچاوبگیردرێن. ئه‌م په‌راوێزخستنه و بێدهسهڵاتكردنهی كەسەكان (واته به‌هێزكردنی بیرۆكراسی) هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئەوەی كە ئەناركیسته‌كان دووژمنایه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌م جۆره پێكهێنانه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كەنه‌وه كه تاكه‌كان بێده‌سه‌ڵات و بێهێزبن، ملكه‌چی بیرۆكراسی بن. ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، مرۆڤ بۆ ئاستی ژماره‌یه‌ك، شتێك، ماتیریاڵێك، داده‌به‌زێنێت، كە لەو باره‌دا تاك یەكسان نییە بە كه‌سێك، كه هیوا و خه‌ون و بیر‌و هۆش و هه‌ستی هەبێت. وه‌كو چۆن پیییەر جۆزیف برۆدۆن به‌توندی پێیداگریی له‌سه‌ر ده‌كات: ” بۆ ئه‌وه‌ی … له‌لایه‌ن چه‌ند دروستكراوێكهوه ، ئه‌وانه‌ی نه ڕاستن و نه ئاوه‌زه‌دار و نه خاوه‌نمۆراڵ و نە باشن، نه هیچ باشییهكیان تێدایه تاكو ئه‌وه بكه‌ن … فه‌رمانڕه‌وایت به‌سه‌ردا بكرێت، ده‌بێت چاودێری بكرێیت، بپشكێنرێیت، سیخوڕیت به‌سه‌ره‌وه بكرێت، ئاڕاسته بكرێیت، په‌یڕه‌وی یاسا بكه‌یت، ببیته ژماره‌یه‌ك ، تۆمار بكرێیت، په‌رجووت بۆ بكرێت، باوه‌ڕت پێبهێنرێت، كۆنترۆڵ بكرێیت، نرخت له‌سه‌ر دابنرێت، چاودێری بكرێیت، فه‌رمانت به‌سه‌ردا بكرێت …. بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واییت به‌سه‌ردا بكرێت، ده‌كرێت له هه‌موو چالاكی و كارێكتدا، له هه‌موو كڕین و فرۆشتنێكدا تێبینی بكرێیت، ناونووس بكرێیت، باجت به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، بپروێنرێیت، بپێورێیت، وه‌كو ژماره‌یه‌ك بژمێردرێیت، هه‌ڵبسه‌نگێنرێیت، مۆڵەتت پێبدرێت، ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ردا بكرێت، ئاگه‌دار بكرێیته‌وه، له‌كردنی شته‌كاندا بوارت پێنه‌درێت، سازبكرێیت، ڕاستبكرێیتهوه، به بیانوی ئه‌وه‌ی بۆ گشت به كه‌ڵك و به‌سوود بیت، سزابدرێیت. هه‌روه‌ها به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریبكه‌یت ده‌خرێیته شوێنێكه‌وه، ڕابهێنرێیت، به بێگار( سوغره) بگیردرێیت، بهكاربهێنرێیت، قۆرخ بكرێیت، به‌زۆر یا به هه‌ڕه‌شه ده‌سگیر بكرێیت، بگوشێنرێیت، چه‌واشه بكرێیت، بڕوتێندرێیته‌وه، دواتریش له كه‌مترین به‌ره‌نگاربووه‌نه‌دا، له یه‌كه‌م گلهییكردندا، ده‌بێت سهركوتبكرێیت، سزابدرێیت، ببوغزێنرێیت، ڕسوابكرێیت، ههراسانبكرێیت ، دواتبكهون و بدۆزرێیته‌وه، به‌خراپی مامه‌ڵه‌ت لەتەكدا بكرێت، لێتبدرێت، بێچهكبكرێیت، هه‌ناسه‌ت لێببڕرێت، بهندبكرێیت، قسه و كرده‌وه‌ت بێهه‌ند وه‌ربگیرێت، سهرزهنشتبكرێیت، ته‌قه‌ت لێبكرێت، دیپۆرتبكرێیت، بكرێیته قوربانی، بفرۆشررێیت، خیانه‌تت لێبكرێت، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه پێتڕاببوێررێت، گاڵته‌ت پێبكرێت، ڕقت لێهه‌ڵبگیرێت، كه‌سایه‌تیت لێزهوتبكرێت به ساخته‌چی ناوببرێیت. ئه‌مه‌یه میرایەتی (حكومه‌ت)، ئه‌مه‌یه داوهرێتیهكهی، ئه‌مه‌یه مۆراڵهكهی” . [General Idea of The Revolution, p. 294] ئه‌مه سروشتی ده‌وڵه‌ته لەتەك هه‌ر یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌دا، گرنگ نییه چ ئه‌هریمه‌نێكه، به‌ڵام كاتێك كه به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و كهمایهتییهكهی ده‌پارێزرێت، باشده‌بێت، وه‌كو باكۆنین ده‌ڵێت: ” ده‌وڵه‌ت … ئاشكراترین شتێكە، دزێوترین ده‌زگایه‌كه، كه به‌ته‌واوی ڕەتكەرەوەی مرۆڤایه‌تییە. هاوپشتی نێوانی هه‌موو مرۆڤەكان* [پیاوان و ژنان] لەسەر گۆی زەمین تێكده‌شكێنێ و له‌نێویده‌بات، بەمەبەستی وردوخاشكردن و سەركوت و كۆیلەكردنی ئەوانی دیكە [زۆرینە]، ھەندێكیان لە كۆمەڵەیەكدا ڕێكدەخات … ئه‌م ڕەتكەرەوە ئاشكرایەی مرۆڤایەتی، كە ناوەڕۆكی دەوڵەت پێكدەھێنێت، لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە ئەركی باڵا و گەورەترین چاكەكاری ئەوە، لەسەر ئەو بنەمایە ئازاردان و ستەم و چەوساندنەوە و چەپاوڵ و تاڵانی و تیرۆری مرۆڤەكان [ژنان و پیاوان] دەكات، كە لە باری ئاسایی‌دا ئەمانە تاوانن. لەلایه‌كی دیكەوه له ژیانی ڕۆژانه‌دا، له ڕوانگەی نیشتمانپه‌روه‌رییەوە، كاتێك كه ئه‌مانه بە شكۆداریی ده‌وڵه‌ت، تەواودەبن، بۆ پارێزگاریكردنی یا بەردەوامیدان بە ده‌سه‌ڵات، هه‌موو ئه‌مانه ده‌گۆڕدرێن بە فه‌رمان و نیشاندانی چاكە و ئه‌م فه‌رمان و چاككارییانە ده‌بنە ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو هاووڵاتییەكی نیشتمانپه‌روه‌ر، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه لە هه‌موو كه‌سێك ده‌كرێت، كه ھەر كات بەرژەوەندی دەوڵەت ئەوە بخوازێت، ئەوا نەك تەنیا دژی كەسانی بیانی، بەڵكو دژی ھاومرۆڤانی (ھاووڵاتیانی)** خۆشی ئەنجامیانبدات. ئه‌مه ئه‌وه ڕاڤەدەكات، كه بۆچی له سەرھەڵدانی ده‌وڵه‌تەوە، دنیای ڕامیاریی هه‌روابووه و به‌رده‌وامیش هه‌روا قۆناخێكی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی بووە بۆ لەخشتەبردن و چەتەگەریی بێ‌سنوور ….. ئه‌وەش ڕۆشندەكاتەوە، كه بۆچی سه‌رجه‌می مێژوووی ده‌وڵه‌تانی كۆن و ھاوچەرخ تەنیا زنجیره‌یه‌ك به‌گژاچونه‌وه و تاوان بووە، بۆچی پاشا‌و شالیارهكان لە ڕابوودوو لە ئێستادا له‌هه‌موو سەردەمەكاندا و له‌هه‌موو وڵاتێكدا – پیاوانی ده‌وڵه‌ت، دیبلۆماسەكان، بیرۆكراته‌كان، شه‌ڕكه‌ره‌كان — ئەگه‌ر له ڕوانگەی مۆڕاڵی ئاسایی و دادپەروەریی مرۆییەوە دادگایی بكرێن، سه‌دان و هه‌زاران جار شایانی سزاواربوون (مەحكومبوون) بە كاری سەخت، یاخود له سێداره‌دانن. لێره‌دا هیچ تۆقاندنێك، هیچ دڵڕه‌قییه‌ك، هیچ سووكایەتییەك بە پیرۆزییەكان، یا گەواھیدانی درۆ، ھیچ فریودانێك، ھیچ ھەڵسوكەوتێكی نەشیاو، ھیچ دەستبڕینێك، ھیچ تاڵانكردنێكی ڕووقایمانە، ھیچ خیانه‌تێكی بێشەرمانە، ھیچ یەك له‌مانه ڕۆژانە، ئه‌گه‌ر به‌ناو و له‌لایه‌ن نوێنه‌ران و پیاوانی ده‌وڵه‌ته‌وه، نه‌بووبێت، ڕوویاننەداوە. ئه‌مانه‌ی كه كراون، له‌ژێر هیچ ناوێكی دیكەدا نەكراون، به‌ڵكو ته‌نیا له‌ژێر ناو و پاساوی وشه ڕازێنراوەكان و دڵخۆشكەرەكان، بەڵام ھاوكات زۆر ترسناكەكاندا، ئەنجامدراون.” ‘for reasons of state.‘” [Bakunin on Anarchism, pp. 133-4] بۆ پاساودانی جه‌نگه‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستییه سڤیلییەكان (مه‌ده‌نییه‌كان) و ئازادییه‌كانی مرۆڤ، (گه‌ر هه‌مووشیان له‌ناونه‌بات) حكومه‌ته‌كان به به‌رده‌وامی درۆ بۆ كەسەكان، ئه‌و كەسانەی كه بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایەتییان دەكەن، ده‌كه‌ن، به‌رده‌وامن له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ڕامیاریانه‌ی كه خزمه‌تی كه‌مینه‌یه‌ك له زۆربه ده‌كات، له‌پاڵ ئەنجامدانی تاوانی دیكه‌شدا. گه‌ر ئه‌م ڕامیاریانه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه، ده‌وڵه‌ت به‌دڵخۆشییەوە ئه‌و هێزه‌ی كه له ده‌ستیدابێت و ئه‌وه‌ی پێویست بكات، به‌كاری ده‌هێنێت، تاكو ناڕهزاییكهران بگه‌ڕێنێته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان (مۆركردنی ئه‌م سه‌ركوتكردنه‌ش به‌نێوی یاسا و فه‌رمانه‌وه ده‌بێت). ئه‌م سەركوتكردنهش له شێوه‌ی به‌كارهێنای تیمی بكوژ، بهدهستووریكردن، یا یاساییكردنی ئه‌شكه‌نجه‌دان، سزادانی به‌كۆمه‌ڵ، به‌ندكردنی هه‌میشه‌یی، لەتەك تۆقاندنی دیكه‌دا له شیوه‌ی خراپ خراپ‌دا، به ئه‌نجامده‌گه‌یه‌نرێت. كاتێك كه ده‌وڵه‌ت له‌باری ئاسایی‌دا، كاتێكی زۆر له بهخراپفێركردن و خراپیپهروهردەكردنی كەسەكاندا به‌كارده‌هێنێت….كه‌متر جێگه‌ی سه‌ر سووڕمانه، ئه‌مه‌ش تەنیا له ڕێگای خودی ده‌وڵه‌ت خۆیه‌وه، (له كاتێكدا كه ناشارێته‌وه) ئه‌نجامیده‌دات، ده‌توانرێت ئه‌وانه بزانرێت. مێژووی ده‌وڵه‌ت شتێك نییه، جگه له هه‌وڵدانی ڕاهێنانی كەسەكان و چاودێری نه‌زم و یاسا و فه‌رمانه‌كانی، بۆ كۆنترۆڵكردنیان و كردنیان به كەسانێكی ستاندا‌رت ( لە قاڵبدراو) تاكو كەسەكان بەخۆیان، ئەوانە بەسەر خۆیاندا بچەسپێنن و خۆیانی پێوه‌گرێبدەنەوە. ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ده‌وڵه‌ت لای ئەناركیسته‌كان جێگای سەرسووڕمان نییه، چونكه ئه‌وان ده‌وڵه‌ت وه‌كو هه‌بوونی ماشێنێكی زه‌به‌لاح، لەتەك كۆنترۆڵكردنی هێزێكی بكوژی جێگرەوە بۆ ئه‌و پێكھاتە قوچكەییەكه، كه كاراكهتهرێكی زۆر خراپ و سه‌روبه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی، كه له (دوابه‌ش)دا باسی لێوه‌كراوه، ده‌بینن . باكۆنین مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ” هه‌ر تیئۆرێكی ڕاسته‌وخۆیی یا خۆجێیی (لۆكاڵی) له ده‌وڵه‌تدا” ده‌كات و دەڵێت” لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای سەروەری دامەزراوە، ئەمەش بیرۆكەیەكی خوداوەندیی [لاھوتی]، میتافیزكی و ڕامیارییانەیە، كە پێیوایە جەماوەر توانای نییە فەرمانڕەوایی خۆی بكات، هه‌میشه ده‌بێت ملكه‌چی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عه‌قڵداران بێت و ئه‌وان دادوه‌ریی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ئەمەش بەبەكارهێنانی ڕێگایەك یا هەندێك لەو ڕێگایانەی سەرەوە، ده‌بێت ” [Bakunin on Anarchism, p. 142] وه‌ها سیسته‌مێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، به ئاسایی و سروشتی ناتوانێت ببێته سیستەمێكی ناوه‌ندگه‌را و هیراشی و بیرۆكراسی. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش به‌پێی ناوه‌ندگه‌رییه قوچكەییهكهی، سروشته بیرۆكراسییهكهی، ده‌وڵه‌ت ده‌بێته بارگرانی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه، ڕێگره له گەشەكردن و پێشكه‌وتن، له‌و باره‌شدا كۆنترۆڵكردنی هه‌موو شتێكیش ئه‌سته‌مه. هه‌ر وه‌كو باكۆنین ده‌ڵێت: ” ئه‌وه‌ی كه پێیده‌ڵێن به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگه و گوایه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت…. له ڕاستیدا …. به‌گشتی و به به‌رده‌وامی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه پۆزه‌تیفه‌كانی ناوچه‌كان، شاره‌وانییه‌كان، كۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی خه‌ڵكییە. هه‌روه‌ها بەرژەوەندی ژماره‌یه‌كی زۆر له تاكه‌كان، كه ملكه‌چی ده‌وڵه‌تن ….. [بەوەی كە] باشترین ھیوا و خەونەكان، ھەموو ھێزە زیندوو و كاراكانی وڵات، كراونەتە قوربانی و لە گۆڕنراون.” [The Political Philosophy of Bakunin, p. 207] دژایه‌تیكردنی ئەناركیسته‌كان بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه فۆرمێكی قوچكەیی هه‌یه، لێره‌دا كۆتایی نایێت، به‌ڵكو ئەناركیسته‌كان له‌به‌ر هۆیه‌كی دیكه‌ی گرنگتریش ده‌وڵه‌ت ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. ئه‌ویش ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته له پارێزگاریكردن و پاراستنی ئه‌و چینه‌ی كه له كۆمه‌ڵگه‌دا دژ بە ئەوانی تر( بۆ نموونه چینی كرێكاران)، ئابووری به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له‌ژێر ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستادا، سه‌رمایه‌داره‌كان ” ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌ت ، بۆ پارێزگاریكردن له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، شێوازه ڕاووڕوتییهكانیان یاسایی بكات.” [Berkman, What is Anarchism? p. 16] . هه‌روه‌كو له (به‌شی B.2.1) قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ده‌وڵه‌ت به‌رگریكه‌ره له خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی. بۆ لێدوان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئەناركیسته‌كان مه‌به‌ستیان له‌وه چییه و چۆن له خاوهندارێتییهكانی تاكی جیاده‌كه‌نه‌وه ، ئه‌وا سەیری (به‌شی B.3 ) بكه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت له ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا، میكانیزمی پاوانكردنی (هه‌یمه‌نه‌كردنی) ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن گروپێك له ده‌سته‌بژێره‌وه‌یه و هه‌ر بۆ ئه‌وانیشە ( سه‌رئه‌نجامیش كۆمپانییه گه‌وره‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆن، كه ببنه به‌شێك له به‌شه به‌رینه‌كانی ده‌وڵه‌ت). له ڕاستیدا هه‌روه‌كو له (به‌شی F.8 ) زۆر به قووڵی گفتووگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ” ڕاستەوخۆ و ناڕاسستەوخۆ، دەوڵەت سەرەكیترین پایە و ئافەرێنەری سەرمایەداری و دەسەڵاتەكەی بەسەر خەڵكیدا بووە و ھێشتاكەش ھەروایە. [Kropotkin, Evolution and Environment, p. 97]. به‌شی B.2.3 ئەوە نیشاندەدا، كە لە دێمۆكراسیی نوێنەرایەتییدا، ئەم پاوانكردنە، چۆن به‌ده‌ستده‌هێنرێت . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مه به‌و واتایه نییه، كه ئەناركیسته‌كان ئاوا بیربكه‌نه‌وه، كه ده‌وڵه‌ت ده‌قاودەق ئامرازێكی ئابووریی چینی فه‌رمانڕه‌وایه. وه‌كو Malatesta مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت له كاتێكدا ” چینێكی تایبه‌ت (میرایەتی/حكومه‌ت)، لەپێناو دەستەبەركردنی ئامرازە پێویستەكانی سه‌ركوتكردن و یاساییكردن و پاراستنی چینی داراكان، لە بەرامبەر داخوازییه‌كانی كرێكاران … له هه‌مان كاتدا ھێزەكانی بەردەستی وه‌كو ئامرازێك بۆ ئافراندنی بەرتەری بۆ خۆیی به‌كارده‌هێنێت، ئەگه‌ر بیشتوانێت ھەروا ژێرڕكێفخستنی چینی داراكانیش. [Errico Malatesta: His Life and Ideas, p. 183] . بەو جۆرە دەوڵەت بەرژەوەندی تایبەتی خۆیشی ھەیە، جیاوازە و ھەندێك جار دژی فەرمانڕەایی دەستەبژێری ئابوورییە. ئەمەش بەو واتایەیە، كە دەبێت ھەردووكیان؛ چ دەوڵەت و چ سەرمایەداری ھەڵبوەشێنرێنەوە. ده‌وڵه‌ت وه‌كو ده‌زگایه‌كی ناسراو، سه‌ركوتكه‌ر، چه‌وسێنه‌ر وه‌كو چینێك. ئه‌م شێوازانه‌ی ده‌وڵه‌ت له section B.2.6 مشتومڕیان له‌سه‌رده‌كرێت. داكۆكیكاری لە سەرمایەداری وەك بەشێك لە ئەركەكانی، كە دەوڵەت تێیدا بەشدارە تەنیا پاوانكردنی ڕامیاریی نییە، بەڵكو لە پاوانكردنی ئابوورییشدا بەشداردەبێت. ئەم پاوانكردنە بۆی ھەیە شێوەی جیاواز لەخۆی بگرێت، ھەر لە پاراستنی ئاسایی مافی خاوەندارێتی سەرمایەداری لە شوێنەكانی كاردا و تا دەگاتە بەھرەكێشیی ڕاستەوخۆی كار، دەگرێتەوە . لە كاتێكدا كە لە باری ئاسایی‌دا ڕۆڵی دەوڵەت بۆ مەیسەركردنی پاوانگەریی ئابووریییە، ھەروا بۆی ھەیە ھەوڵی كەمكردنەوەی سروشتی دژەكۆمەڵایەتییانەی بازاری سەرمایەداری و شێوازبەندی خراپەكارییەكانی بدات. ئه‌م لایەنەی ده‌وڵه‌ت له به‌شی B.2.2. باسدهكین. پێویست به‌وه ناكات، كه بڵێێن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه نیشانه‌ی ده‌وڵه‌تن، به‌هۆی ڕێكه‌وته‌وه په‌ره‌ناسێنن. هه‌ر وه‌كو له به‌شی section H.3.7 له‌باره‌یه‌وه دواوین، ئەناركیستەكان ڕوانگەیەكی كراوەیان بۆ دەوڵەت ھەیە. ئەمەش بەو واتایەیە كە ده‌وڵه‌ت لەپێناو ئاسانكردنی ڕۆڵگیران و بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا، سروشتێكی قوچكەیی ھەیە. هه‌ر وه‌ك له ( بەشی B.2.4) و (بەشی B.2.5)دا خراوەتەڕوو، خوازراوی ناوه‌ندگه‌رایی له ده‌وڵه‌تدا بۆ ئه‌وه‌یە، كه ڕۆڵی سه‌روه‌رێتی ده‌سته‌بژێر بپارێزرێت، كه ئه‌مه‌ش چالاكانه و به هوشیارییەوە ئافەرێنراوه، تاكو ئه‌مه ئه‌نجامبدات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشانده‌دات كه ده‌وڵه‌ت بەپێی سروشتی له سه‌ره‌وه تاكو خواره‌وه‌ی ده‌زگاكانی، ھێز له ده‌ستی چەند كەسێكدا ناوهندییدەكاتەوە، سهرئهنجامهكهش، ده‌وڵه‌ت ” لەتەك ڕێساكە (سونهتكەی)، پێكھاتە قوچكەییهكهی و هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌كیش بەرتەنگییە نهتهوهییەكەی … ناتوانرێت وەك ئامرازێك بێت بۆ ڕزگاری بەكارببرێت”. [Kropotkon, Evolution and Environment, p. 78] هه‌ر لەبەرئەمەیە، كه ئەناركیسته‌كان ئامانجدارانه دەیانەوێت شێوازێكی نوێ بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ژیان، بئافرێنن، شێوازێكی ناناوه‌ندگەرایانە (ناسێنتراڵانە)، له‌سه‌ر بنەمای بڕیاردان له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه و لەنێوبردنی پێكھاتە و پلەبەندی قوچكەیی. له كۆتاییدا ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین، كه له كاتێكدا كه ئەناركیسته‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌وڵه‌ته‌كان تیایاندا هاوبه‌شن و خاڵی ناوكۆییانن، ئه‌وه‌ش ده‌زانن، كه هه‌ندێك فۆرم له ده‌وڵه‌ت، له‌وانی دیكه‌یان باشترن. بۆ نموونە، دیمۆكراتییهكان پێده‌چن له دیكتاتۆره‌كان یا پاشاییه‌كان، كه‌متر سه‌ركوتكه‌ر بن. ئه‌مه هه‌ڵه ده‌رده‌چێت، ئەگه‌ر سه‌رئه‌نجامێكی وه‌كو ئه‌وه وه‌ربگیردرێت كه ” له ڕه‌خنه گرتندا له میرایەتییەكی (حكومه‌تێكی) دیمۆكراتی ئه‌وه نیشانبدات، كه ئێمه خۆشیمان له میرایەتییەكی پاشایی دێت. ئێمه بڕوای ته‌واومان بەوە هه‌یه، كه میرایەتییەكی كۆماریی هه‌ره ناته‌واو هه‌زار جار له باشترین میرایەتی ڕۆشنبیرانه‌ی پاشایی باشتره”. [Bakunin, Bakunin on Anarchism, p. 144] سەرەرای ئەوەش، ئه‌مه سروشتی یاخود ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت ناگۆڕێت. له‌ڕاستیدا، ئه‌و ئازادییانه‌ی كه هه‌مانن، په‌یوه‌ندیان به باشیی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌وه نییه، به‌ڵكو سه‌رئه‌نجامی بەرھەڵستی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی خه‌ڵكین دژی ده‌وڵه‌ت و بەكاربردنی سەربەخۆیی خودی خەڵكییە. ئەگەر بواری پێبدرێت، ده‌وڵه‌ت بەزوویی ئازادییەكان و مافەكان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و دەگۆرێتەوە بە یاسا مردووەكانی پێداگری، شتگەلێك كە بە چاپكراوی زۆر جوان دەردەكەون، بەڵام لە كەتواری ژیاندا، ھەرگیز كردەیی ناكرێنەوە بەم جۆرە لە درێژەی ئەم بەشەدا مشتومر لەسەر دەوڵەت، ڕۆڵ و كاراییەكانی لەسەر ئازادی كۆمەڵگە و ئەوەی كە كێ لە بوونی سوودمەند دەبێت، دەكرێت. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، خوێنەوەی وتارێكی كلاسیكی كرۆپۆتكین ، The State: It’s Historic Role ,Kropotkin، دەوڵەت و ڕۆڵە مێژوووییەكەی، بەسوود دەبێت. ھەروەھا خوێندنەوەی (دەوڵەت، سەرنجدانێكی نوێ لە پێشینەكانی دەوڵەت، چۆنیەتی گۆڕانی لە ماوەی ھەزاران ساڵدا و سروستی دەوڵەتی نوێ، نووسینی ھاروڵد باركلی Harold Barclay’s The State ، سوودبەخش دەبێت. *********************************** سەرچاوە : http://anarchism.pageabode.com/afaq/index.html بەستەری وەرگێڕدراوی بەشەكانی دیكە : http://www.kurdish-afaq.tk Rate this:ئەمە بڵاوبکەرەوە:TelegramWhatsAppGoogle plusShare on TumblrTelegramTweetANARCHISTANPocketئیمەیڵپرینتلایکی بکە:لایک دادەبزێت